ناکۆکی نێوان لایەنەکانی جەیش وەتەنی و حکومەتی کاتی سەر بە تورکیا لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازەکان
حەڵەب – نۆرس پرێس
لە شەوی رابردووەوە، ناوچەکانی گوندەواری رۆژهەڵات و باکووری حەڵەب لەنێو لایەنەکانی جەیش وەتەنی لایەنگری تورکیا لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بوون، بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەڕێوەبردنی دەروازەکان و رەتکردنەوەی رادەستکردنەوەیان بە حکومەتی کاتی.
سەرچاوەیەکی مەیدانی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، هۆکاری ئامادەباشییەکە، رەتکردنەوەی گروپی ئەحرار شامە بۆ رادەستکردنی دەروازەی ئەلحەمران لە شاری جەرابلوس لە رۆژهەڵات و باکووری گوندەواری حەڵەب بە وەزارەتی بەرگری سەر بە حکومەتی کاتی سوریای دڵسۆز بۆ تورکیا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارانی سوڵتان موراد هێزەکانی خۆیان لە شاری باب لە رۆژهەڵاتی حەڵەب کۆکردەوە، ئەمە جگە لە هەندێک ناوچەی گوندەواری باکووری حەڵەب، کە هاوتا بوو لەگەڵ ئامادەباشی سەربازی لەلایەن فراکسیۆنی ئەحرار شام لە شارەکە.
هەروەها لایەنەکانی دیکەش لە شارۆچکەی مارع و ناحیەی جندیرس لە گوندەواری عەفرین کۆبوونەوە، ئەمەش وەک پێشبینییەک بۆ پەرەسەندنی رووداوەکان، بەپێی ئەو سەرچاوەیە.
گروپی ئەحرار شام لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمدا، بە پشتیوانی فراکسیۆنی ئەلحەمزە و ئەلعەمشات، کۆنترۆڵی دەروازەی ئەلحەمرانیان کرد، ئەویش دوای ئەوەی فەیلەقی سێ لێی کشایەوە.
جێگای سەرنجە کە دەروازەی ئەلحەمران دەکەوێتە گوندەواری باشووری جەرابلوسەوە و ئەو ناوچانە جیا دەکاتەوە کە ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا و بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان کۆنترۆڵی کردوون.