میقداد پەیوەندی بە هاوتا ئێرانیەکەیەوە دەکات و جێگرەکەی دەگاتە ئێران
دیمەشق- نۆرس پرێس
پەیوەندی نێوان میقداد و هاوتا ئێرانییەکەی دوای ئەوە هات، کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، لە سەردانێکیدا ئەیمەن سوسان، جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا، گەشتە تارانی پایتەختی ئێران، لەو ماوەیەدا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانی وتووێژی کرد.
لە راگەێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە، لە سەردانەکەی سوساندا، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و پرسەکانی جێی نیگەرانی هاوبەش تاوتوێ دەکرێت.
سوسان و شاندی یاوەری لەگەڵ بەرپرسی بەشی دووهەمی رۆژئاوای ئاسیا لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئێران و شەفیق دایوب باڵیۆزی سوریا لە تاران دیداریان کرد.
رۆژی یەکشەممە و چەند کاتژمێرێک پێش سەردانەکەی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا سورییەکەی فەیسەڵ میقداد ئەنجامدا و لەو تەلەفۆنەدا پەیوەندییە ستراتیژییەکانی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات و ئەو “هەماهەنگییە باشە”یان تاوتوێ کرد کە لە نێوانیاندا هەیە لە ئاستە جیاوازەکاندا.
لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییانەدا عەبدوڵڵاهیان و ئەلمیقداد باسیان لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان کرد، هەروەها گفتوگۆیان لەسەر کۆمەڵێک بابەت ئاڵوگۆڕ کرد بەبێ ئەوەی وردەکاری لەسەریان بخەنەڕوو.
لە راگەێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هاتووە کە بۆچوونی هەردوولا سەبارەت بەو پرسانە وەکیەکن، بەو پێیەی خۆشحاڵی خۆیان بە “گەشەسەندنی بەردەوام” لە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و تاران دەربڕیوە.
میقداد ستایشی “رۆڵی ئێران”ی بەرامبەر سوریا کرد، بەتایبەتی لە کۆبوونەوەکانی ئەستانەدا، کە بە وتەی خۆی “دەستکەوتی بەدەستهێناوە”.
وەزیری سوریا هەڵوێستی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوای سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێرانی شەرمەزار کرد و بە “پیلانگێڕی”ی ناوزەد کرد.