باڵوێزی پێشووی سوریا لە تورکیا داوای “لێکنزیکبوونەوەی کردەیی” نێوان دیمەشق و ئەنقەرە دەکات
دیمەشق- نۆرس پرێس
نیزاڵ قەبەلان باڵیۆزی پێشووی سوریا لە تورکیا رایگەیاند، لە بەرژەوەندی تورکیا و سوریادایە کە لێک نزیکبوونەوە لە نێوانیاندا بە شێوەیەکی کاریگەر رووبدات و بەشێوەیەکی کردەییانە “هاوکاری لە دۆسیە سەرەکییەکاندا بکەن.”
وتارەکەی باڵیۆزەکە لە میانی بەشداریکردنی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بوو لە کەناڵی ئەلشەرقی میسری و ئاماژەی بەوەدا کە گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات پەیوەستە بە “هەڵنەدانەوەی مێژوو”ەوە.
دوای پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا بۆ ماوەی زیاتر لە دە ساڵە، وەزیرانی بەرگریی رووسیا و سوریا و تورکیا، لە کۆتایی ساڵی رابردوودا، وتووێژی سێ قۆڵییان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی هەواڵگریی هەر سێ وڵات لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا ئەنجامدا .
باڵیۆزی پێشووی تورکیا خوازیاری “هاوکاری هاوبەشی سەربازی و ئەمنی، بۆ نەهێشتنی هەموو دیاردە تیرۆریستیەکان” بوو، هەروەها رایگەیاند کە تورکیا و سوریا لەسەر “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” رێککەوتوون.
لە وتەی دژبەیەکدا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسایشی نەتەوەیی “بیانووە بۆ هەموو دەستێوەردانەکانی سەربازی تورکیا لە سوریا و عێراق”.
باڵیۆزەکە لە لێدوانێکدا لەسەر خواستی ئەنقەرە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام لە سوریا و گواستنەوەی پەنابەرانی سوریا بۆی، وتی، “دەبێت ئەو بابەتە لەژێر چاودێری هەردوولادا ئەنجام بدرێت”.
چوارشەممەی رابردوو عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات سەردانی سوریای کرد و لە دیمەشق چاوی بە بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆمار کەوت.
دوای کۆبوونەوەکە، میدیاکانی رووسیا هەواڵیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، سوریا و رووسیا، لە ماوەی داهاتوودا، لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.