عامودا: یەکێتی دەرمانخانەکان نزخی دەرمان بەرزدەکاتەوە و دەستەی تەندروستی رەتیدەکاتەوە

عامودا – نۆرس پرێس

زۆربەی دەرمانخانەکانی شاری عامودا لە رۆژئاوای قامیشلۆ بەرزبوونەوەی نرخی دەرمانیان بەخۆوەبینی و بەبێ هیچ بڕیارێکی فەرمی نرخەکانیان بە ڕێژەی %30بەرزکردەوە.

دانیشتووان گلەیی لەم بەرزبوونەوەیە دەکەن، بەتایبەتی لەبەر بارودۆخی سەختی ژیان و گرانبوونی زۆری نرخەکان.

ڕۆکن عەبدولکەریم، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازان لە عامودا لە لێدوانێکدا لەسەر ئەو بابەتە رایگەیاند، “دەرمانخانەکانیان ئاگادارکردەوە کە پابەندی بڕیارە نوێیەکە بن بۆ فرۆشتنی سەرجەم دەرمانەکان بە زیادبوونی 30% لە نرخدا.”

عەبدولکەریم باسی لە دەرکردنی بڕیارێکی فەرمی لە لایەن بەڕێوبەری خۆسەر یان دەستەی تەندروستیەوە سەبارەت بەم زیادبوونە نەکرد و تەنها لە پەیامێکی دەنگیدا بۆ نۆرس پرێس رایگەیاند کە ئەو زیادبوونە ”لە پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاردا هاتووە، بەو پێیەی کۆگاکانی دەرمان هەموو کەلوپەلەکانیان بە دۆلار دەفرۆشن”

لەکاتێکدا سەرچاوەیەکی فەرمی لە دەستەی تەندروستی هەرێمی جەزیرە بۆ نۆرس پرێس رەتیکردەوە کە هیچ بڕیارێکی فەرمی لەلایەن دەستەی تەندروستیەوە هەبووبێت بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دەرمان، هەروەها رەتیشیکردەوە ئاگاداری ئەو بەرزبوونەوەیەی ئەم دواییە بێت کە ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەرمانسازان باسی کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “دەسەڵاتی تەندروستی هەمیشە بەدوای کەمکردنەوەی نرخی دەرماندایە”، بەپێی قسەکانی.

دەرکردنی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دەرمان لەلایەن سەندیکای دەرمانسازانەوە، بەپێی چاودێریکردنی نۆرس پرێس، لە روانگەی کارگێڕی و یاساییەوە بە بڕیارێکی نادروست دادەنرێت، چونکە سەندیکاکان خەمی بەرزکردنەوەی نرخیان نییە.

ڕۆژی 12ی کانونی یەکەم، محەمەد نەبیل ئەلقەسیر، ئەندامی سەندیکای دەرمانسازانی سوریا رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی نرخی نزیکەی 20 گروپی دەرمانی لە 22% بۆ 26% بەرزکردەوە، کە لە مارکەیەکەوە بۆ مارکەیەکی تر دەگۆڕێت، بۆ ئەوەی یارمەتی خاوەن کارگەکان بدات بەردەوام بن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان.

بەگوتەی ئەلقسەیر، زیادبوونەکە هەندێک جۆری دەرمانی دژە هەوکردنی لەخۆگرتبوو، هەروەها جۆرێک لە دەرمانی دڵ و دەرمانی سەرئێشە و هەندێک دەرمانی رژێنی دەرەقی و هەندێک دەرمانی کۆرتیزۆنی لەخۆگرتبوو.

لەکاتێکدا بەڕێوبەری خۆسەر یان وەزارەتی تەندروستی لە دیمەشق هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دەرمان بەڕێژەی 30%دەرنەکردووە.

ئامادەکردنی: ئەیاز سەیدۆ – داڕشتنەوەی: دڵسوزە یوسف