رۆژنامەیەکی خلیجی: سەردانەکەی ئال نەهیان بۆ سوریا بۆ گێڕانەوەی ئە وڵاتەیە بۆ “باوەشی عەرەبی”

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕؤ هەینی، رۆژنامەی ئەلخەلیج لە سەردێڕەکەیدا، رایگەیاند، سەردانی عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، بۆ دیمەشق و دیدارەکەی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، لە چوارچێوەی هەڵوێستێکی پتەوی ئیماراتیدا دێت کە کار بۆ گەڕانەوەی سوریا دەکات بۆ “باوەشی عەرەبی خۆی”.

پێرێ چوارشەممە، ئەلنەهیان سەردانی سوریای کرد و لە دیمەشق چاوی بە بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا کەوت، ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە کۆبوونەوەی مۆسکۆ دێت، کە وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیای کۆکردەوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەردانەکە هەوڵدەدات “چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا بدۆزێتەوە، کە ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی یەکێتی جوگرافی و سەربەخۆیی و سەروەری هەموو خاکەکەی”.

دەشڵێ ئامانجی سەردانەکە “کۆتاییهێنانە بە کارەساتە درێژخایەنەکەی و ئەو وێرانکاری و ئاوارەبوون و توندوتیژی و کوشتن و قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییە بەرفراوانانەی کە زیاتر لە دە ساڵە بەسەریدا هاتووە، لە ئەنجامی بەئامانجکردنیدا لەلایەن زلهێزە گەورەکان و گروپە تیرۆریستییەکانەوە”.

رۆژنامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە وەزیری دەرەوەی ئیمارات “پەرۆشی ئیماراتی دووپاتکردەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو هەوڵانەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا دراون، بەشێوەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری و یەکڕیزی وڵاتەکەی بۆ بگەڕێنێتەوە و لەگەڵ خواستەکانی گەلەکەیدا بگونجێت”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی