زیلینسکی: ئامانج لە ئاگربەستەکەی روسیا راگرتنی پێشڕەوییەکانە لە دۆنباس
هەولێر – نۆرس پرێس
سەبارەت بەو ئاگربەستەی سەرۆکی رووسیا رایگەیاندوە، “ڤلادمیر زیلینسکی” سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، ئامانج لە بریارەکەی پوتن راگرتنی پێشڕەوییەکانی ئۆکراینە لە ناوچەی دۆنباس.
“زیلینکسی” لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئاگربەستەکەی روسیا بۆ رێگەدان بە مەسیحییەکان بۆ ئاھەنگێڕان بۆ سەری ساڵ تەنھا فێڵە و ئامانج لێی راگرتنی پێشڕەوییەکانی ئۆکراینە لە ناوچەی دۆنباس و دەیەوێت سەرباز و کەلوپەلی زیاتر لەوڕێیەوە رەوانەی ناوچەکە بکات.
وتیشی، مۆسکۆ چەندین جار پلانی ئاشتی ئۆکراینی رەتکردووەتەوە، کاتێکیش جەنگ کۆتایی دێت، کە سوپای روسیا بکشێنەوە یاخود دەربکرێن.
بە وتەی “زیلینسکی”، وڵاتانی رۆژئاوا درکیان بەوە کردووە کە کرملین بۆ ماوەیەک جەنگ رادەگرێت بۆ ئەوەی بەبەھێزتر بەردەوامی پێبدات.
لە لایەکی ترەوە، راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن روسیاوە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و ئەمریکا و ئەڵمانیا گوومانیان لە نیازی پوتن بۆ ئاگربەستەکە ھەیە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتارێکدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیا لە سەری ساڵ و جەژنی کریسمسدا ئامادەبوو نەخۆشخانە و باخچە و کڵێساکان لە ئۆکراین بۆردومان بکات، کەچی ئێستا بە راگەیاندنی ئاگربەست دەیەوێت دەرچەی ھەناسەدان بدۆزێتەوە.
ھاوکات ئانالینا بێربووک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەگەر پوتن ئاشتیی بویستایە، سەربازەکانی دەناردەوە ماڵەوە و شەڕەکە کۆتایی دەھات، بەڵام دەیەوێت دوای وەستانێکی کورت بەردەوام بێت لە شەڕکردن.