لەماوەی دوو رۆژدا سێ ھاووڵاتی کورد لە ئێران لەسێدارەدراون

هەولێر – نۆرس پرێس

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا سێ زیندانی کورد لە گرتووخانەکانی کرماشان و کەرەج لەسێدارەدراون.

بە گوێرەی راگەێنرای رێکخراوەکە، ھاووڵاتیەکی کورد بەناوی (مەھدی عەسگری) تەمەن 33 ساڵ و دانیشتووی تاران، بەتۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددەی ھۆشبەر لە گرتوخانەی (قزڵحەسار)ی سەر بە شاری کەرەج سزای لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێکراوە.

ھەروەھا بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، (سەعدوڵا کەریمی) تەمەن 43 ساڵ  خەڵکی گوندی سەرین و (فەرھاد کەریمی) خەڵکی گوندی  کۆمەرەی سەر بە پارێزگای کرماشان بە تاوانی کوشتن لە گرتووخانەی دێزڵئاوای کرماشان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوەو رێگەشیان پێنەدراوە لە دوادیداردا چاویان بە کەسوکاریان بکەوێت.