دیمەشق – نۆرس پرێس
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا قۆناغێکی نوێ لەگەڵ دیمەشق رادەگەێنێت و جارێکی تر خواستی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا پیشانداو رایگەیاند، دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوە کەلەماوەیەکی کەمی داھاتوودا بەڕێوەدەچێت لەگەڵ ئەسەد کۆدەبێتەوە.
سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، بە پێی ئەو ئاراستەیەی تورکیا و سوریا و روسیا گرتویانەتەبەر بۆ ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرەو دیمەشق، لە ماوەیەکی کەمی داھاتوودا وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا و روسیا کۆدەبنەوەو دواتریش بە پێی پێشھاتەکان سەرکردەکانی ھەرسێ وڵات کۆدەبنەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکیش دیبلۆماسیش وەزیرانی دەرەوەی ھەرسێ وڵات لە رۆژانی داھاتوودا لە ئیمارات کۆدەبنەوە.
دوای سەرھەڵدانی قەیرانی سوریا لە ساڵی 2011 پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا بچڕاو ئەنقەرە پشتیوانی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کرد بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، بەڵام تورکیا ماوەیەکە ھەوڵی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەشار ئەسەد دەدات و لە کۆتایی مانگی رابردوو وەزیرانی بەرگری ھەردوو وڵات لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.