به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر: ئاساییکردنەوەی په‌یوه‌ندییه‌كانی تورکیا لەگەڵ ڕژێم بە ئامانجی هەڵبژاردنە
مونبج – نۆرس پرێس
بەرپرسێکی ئەنجومەنی گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، ئاساییکردنەوەی په‌یوه‌ندییه‌كانی تورکیا لەگەڵ “ڕژێمی سوریا” بە ئامانجی هەڵبژاردنه و پەیوەندییەکانی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەو دوو و‌ڵاته باش نییه.
لە بیست و هەشتەمی مانگی ڕابردوودا وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند کە وەزیرانی بەرگری ڕوسیا و سوریا و تورکیا لە مۆسکۆی پایتەختی ڕوسیا كۆبونه‌وه‌یه‌كی سێ قۆڵییان ئەنجامدا و ئەم دیدارەش یەکەم دیداره لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵ.
فەرید عه‌تی، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەری له ڕۆژئاوای كوردستان ڕایگەیاند، “تورکیا بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژێمی سوریا دەڕوات، بۆ ئەوەی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئه‌و و‌ڵاته قەیرانی ناوخۆی خۆی چاره‌سه‌ر بکات و ده‌نگی شەقامی تورکیا به‌ده‌ست بێنێت”، دوای دابەزینی ئاستی جەماوەری پارتی داد و گەشەپێدان له‌م دواییانه‌دا.”
ناوبراو بۆ نۆرس پرێس ڕاگه‌یاند، “پارتی داد و گەشەپێدان دەستبەرداری هەموو شتێک دەبێت، ته‌نانه‌ت سوورییەکانی هاوسۆزیشی له و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی له سوریا، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت”.
بڕیارە لە 18ی حوزەیرانی ئه‌مساڵدا هەڵبژاردنه‌كانی تورکیا بەڕێوەبچێت و ئەمەش دووەم هەڵبژاردن دەبێت کە ئەردۆغان خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار هه‌ڵده‌بژێرێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2014ەوە بۆوه سه‌رۆكی تورکیا، هەروەها لە ساڵی 2018دا لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دوباره هه‌ڵبژێردراوه بۆ ئه‌م پۆسته، كه وڵاتەکەی گۆڕا بۆ حوکمی سەرۆکایەتی.
عەتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم لێکنزیکبوونەوەیە لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا خزمەت بە پارتی داد و گەشەپێدان دەکات، بەتایبەتی کە بانگه‌شه‌ی گەڕانەوەی ئاوارە سورییه‌كان ده‌كات، کە ئەمەش داواکاری شەقامی تورکیایە.
وتیشی،” به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر هەمیشە لەگەڵ گەلی سوریا بووە و هەمیشە داوای گفتوگۆی نێوان سورییه‌كانی کردووە، لەسەر بنەمای ئەو باوەڕەی کە چارەسەری قەیرانی سوریا لە دەستی سورییه‌كان دایه”.