نرخی دۆلار و زێڕ بەردەوامن لە بەرزبوونەوە لە بازاڕەکانی عێراقدا

هەولێر- نۆرس پرێس

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا بەهای دیناری عێراقی دابەزی و 100 دۆلاری ئەمریکی بە 156 هەزار دینار مامەڵەی پێوەکرا.

هەرچەندە سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق دەڵێ ئێستا یەدەگی دراوی بیانیی عێراق، بەهێزترینە کە گەیشتووەتە نزیکەی 100 ملیار دۆلار، بەڵام هاوڵاتیان هۆکاری ئەم دابەزینە دەگێڕنەوە بۆ نەمانی متمانەی خەڵکە بە بانکی ناوەندیی عێراق و بەڵێنەکانی بەرپرسانی حکومەتی عێراق، چونکە پێیانوایە هیچکام لە بەڵێنەکان نەبوون بە کردار و بازاڕ و خەڵک کرداریان دەوێت.

بەڵام راوێژکارێکی دارایی حکومەتی عێراق پێیوایە کە، “بابەتی ئێستای بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار زیاتر پەیوەستە بە کاروباری کارگێڕی و رێکخستنەوە لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ حەواڵەی دەرەکی و ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی. بۆیە پلە بە پلە بەهای دینار دەگەڕێتەوە ئاستی خۆی، کە هەر دۆلارێک دەبێتەوە 1460 دینار، یان نزیک لەوە.”

بەگوێرەى خشتەى دەروازەى فرۆشتنى دراوى بانکى ناوەندیی عێراق، بانکەکە ئەمڕۆ زیاتر لە 108 ملیۆن دۆلار بۆ نەختینە و هەواڵە دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام سبەى هیچ بڕە پارەیەک بەمەبەستى حەواڵەى دەرەکى بۆ کارى بازرگانی ناخاتە بازاڕەوە و تەنیا بۆ فرۆشتنى نەختینەیی دۆلار 43 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، کە ئەوە یەکەمجارە لە دواى زیاتر لە ساڵێک ئەو بڕە کەمەى دۆلار بخاتەڕوو.

بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020دا بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات، لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 بۆ یەکەمجار لەو ماوەیەدا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقیی تێپەڕاند و لەو رۆژەوە ناجێگیرە.

لە لایەکی تریشەوە، ئەمڕۆ  نرخی زێڕ درێژەی بە بەرزبوونەوەکانی خۆی دا و هەر ئۆنسەیەکی بە رێژەی 0.3٪ بەرزبووەوە بۆ 1844 دۆلار و 85 سەنت. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بۆ مانگی ئادار بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و گەیشتە 1850 دۆلار. هاوکات نرخی نەوت بە جێگیری ماوەتەوە.