پەرلەمانتارێکی سوریا واشنتن بە “زیندووکردنەوەی داعش” تۆمەتبار دەکات

دیمەشق- نۆرس پرێس

پەرلەمانتارێکی سوریا ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە جارێکی دیکە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” زیندوو دەکاتەوە بۆ بەربەست دروستکردن لە نزیکبوونەوەی تورکیا و سوریا.

لە لێدوانەکانی عەمار ئەسەد پەرلەمانتاردا بۆ میدیاکانی رووسیا، ئاماژەی بەوەدا کە واشنتۆن لە بنکەی ئەلتەنەفی سوریاوە “داعش”ی زیندووکردەوە، بۆ “هەڵاوێردکردنی پەڕاوەکان” و رێگریکردن لە لێکنزیکبوونەوەی هەردوو وڵات.

ئاماژەکانی تورکیا بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق کاتێک دەستیپێکرد کە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە 11ی ئابی ساڵی رابردوودا، گفتوگۆیەکی کورتی لەگەڵ فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوەی سوریای ئاشکراکرد.

لە رۆژی 28ی کانوونی دووەمی رابردوودا کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا لەسەر ئاستی وەزیرانی بەرگری رووسیا و سوریا و تورکیا بەڕێوەچوو.

وەزارەتی بەرگری رووسیا لەو کاتەدا رایگەیاندبوو کە لە کۆبوونەوەکەدا “باس لە رێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و کێشەی پەنابەرانی سوریا و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە توندڕەوەکان لە سوریا کراوە”.

ئەو پەرلەمانتارە زیاتر واشنتۆنی تۆمەتەبار کرد، کاتێک وتی “لایەنی ئەمریکی سەقامگیری بۆ هیچ وڵاتێکی ناوچەکە ناخوازێت و هەوڵدەدات هەمووان لەژێر چاودێری خۆیدا بن”.

ناوبراو زیادی کرد: شکستی واشنتۆن لە درێژەدان بە ئامادەبوونی خۆی یان سەپاندنی ئەجێندای خۆی و گەیشتن بە ئامانجەکانی وای لێکردووە جارێکی تر “زنجیرە درامای تیرۆریزم” لە ناوخۆی سوریا دووبارە بکاتەوە.

دوێنێ سێشەممە، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکدا سەبارەت بەو کۆبوونەوەیەی کە وەزیرانی بەرگری حکومەتی سوریا و تورکیای کۆکردەوە، گوتی، “ئێمە پشتگیری لەو وڵاتانە ناکەین کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەشار ئەسەد رێکدەخەنەوە یان پشتگیری خۆیان بۆ هێشتنەوەی “دیکتاتۆری دڕندە” دەردەبڕن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سۆزدار محەمەد