واشنتن هەڵوێستی توندی خۆی دژ بە لێکنزیکبوونەوەی تورکیا و سوریا راگەیاند
دیمەشق- نۆرس پرێس
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێستا “گونجاو نییە” بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق، ئەمەش دوایین هەڵوێستی ئەمریکایە بەرامبەر بە دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق بە نێوەندگیری رووسیا.
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتۆن سەبارەت بە هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق، گوتی: ئێمە پاڵپشتی وڵاتان ناکەین کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سوریا ببەنەپێشەوە، یان پشتیوانی بۆ چاکسازی دیکتاتۆری دڕندە بەشار ئەسەد دەرببڕن.
ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن داوا لە وڵاتان دەکات بە وردی تەماشای “تۆماری ترسناکی مافی مرۆڤ”ی رژێمی ئەسەد بکەن لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا.
پرایس پێیوابوو کە “رژێمی ئەسەد” بەردەوامە لە ئەنجامدانی “کارە ئابڕوبەرەکانی” دژ بە گەلی سوریا و رێگریکردنیان لە رۆشتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ “رزگارکردنی ژیان”ی خەڵکی سوریا،
جەختیشی کردەوە کە “ئەمریکا پشتیوانی لە چارەسەری سیاسی دەکات بە سەرکردایەتی سوریا بەگوێرەی بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە چارەسەرێکی سیاسی بەردەوام بەدەستبهێنین.”
چوارشەممەی رابردوو وەزیرانی بەرگری دیمەشق و ئەنقەرە لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانیان لە مۆسکۆ کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند دۆسیەیەک کرا سەبارەت بە سەروەری سوریا و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە ناوچەکانی سوریا، بەپێی ئەوەی میدیای ئەو وڵاتانە رایانگەیاندووە.
هەروەها ئەنقەرە و دیمەشق تاوتوێی دانانی کارنامەیەکیان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی لە داهاتوودا دەکەن.
پرایس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا ئەو کۆبوونەوەیە بە بەشدارییەکی سێ قۆڵی دەبینێت کە سوریا و تورکیا و فیدراسیۆنی رووسیای لەخۆگرتبوو، ئاماژەی بەوەشکرد، “لەکاتێکدا سیاسەتەکەمان هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامەکەیدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ تورکیا کردووە یان نا، وتی: ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە کاتی ئێستا کاتێکی گونجاو نییە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن داوا لە هەموو وڵاتان دەکات “ئەو تۆمارە ترسناکەی مافی مرۆڤ لەبەرچاو بگرن کە رژێمی ئەسەد لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا بەسەر گەلەکەی خۆیدا سەپاندوویەتی”.