وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن کۆدەبێتەوە

دیمەشق- نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەگەڵ شاندێکی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کۆبووەوە، ئەمەش چەند رۆژێک دوای کۆبوونەوەی وەزیری بەرگری تورکیا دێت لە مۆسکۆ لە گەڵ هاوتا سورییەکەی.

چاوشئۆغڵو لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتیمانیی سوریا، سالم ئەلمسلات، سەرۆکی کۆمیسیۆنی دانوستانی سوریا، بەدر جەموس و سەرۆکوەزیرانی حکومەتی کاتی سوریا، عەبدولڕەحمان مستەفا کۆبووەوە.

چوارشەممەی رابردووش وەزیرانی بەرگری دیمەشق و ئەنقەرە لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانیان لە مۆسکۆ کۆبوونەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند دۆسیەیەک کراوە سەبارەت بە سەروەری سوریا و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە ناوچەکانی سوریا، بەپێی ئەوەی میدیای ئەو وڵاتانە رایانگەیاندووە.

ئۆغلۆ لە تویتێکدا رایگەیاند: “لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانیی سووریا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی دانوستانی سووریا و سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی کاتی سووریا کۆبووینەوە و دوایین پێشهاتەکانمان تاوتوێ کرد، هەروەها پشتیوانیی خۆمان بۆ ئۆپۆزسیۆن و گەلی سووریا، بەپێی بڕیارنامەی ژمارە 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش، نوێکردەوە”

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کاتێکی پێشتری ئەمڕۆدا ئاشکرای کرد کە ئەنقەرە لەگەڵ مۆسکۆ کاردەکات بۆ دیاریکردنی وادەیەک بۆ دانوستانە پلان بۆ داڕێژراوەکان لەگەڵ حکومەتی سوریا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: قەیس ئەلعەبدوڵا