بەرپرسێکی ئه‌سه‌ده‌: نزیكبونه‌وه‌ی ئەنقەرە و دیمەشق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەرییه‌

مونبج – نۆرس پرێس

بەرپرسێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات،” ئه‌سه‌ده‌” ئه‌مڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، نزیکبوونەوەی ئەنقەرە و دیمەشق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەرییه‌.

ڕۆژی ٢٨ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا له‌نێوان وەزیرانی بەرگری ڕووسیا و سوریا و تورکیا بەڕێوەچوو.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا “باسی ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و کێشەی پەنابەرانی و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپە توندڕەوەکان لە سوریا كرا”.

ئەمال دادا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات، ڕایگەیاند، حکومەتی ئەنقەرە و دیمەشق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەر کۆبوونەتەوە، و حکومەتی داد و گەشەپێدان سیاسەتی خۆی له‌ سوریا به‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سنووردار کردووە.

دادا ئاماژەی به‌وه‌شدا کە حکومەتی تورکیا قەناعەتی بەوە کردووە کە کورتترین و ئاسانترین ڕێگە بۆ گەیشتن به‌ ئامانجه‌كانی له‌ سوریا به‌ ڕێگای ڕووسیا ده‌بێت، مۆسکۆش  له‌ ڕێگای كۆبونه‌وه‌كانی ئاستانە و سۆچی خۆی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ نزیک كرده‌وه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕوسیا توانی ڕۆڵ ببینێت لە دروستکردنی بڕگەی هاوبەش لە نێوان هەردوولا ، بەتایبەتی لە کارکردن دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات “هه‌سه‌ده‌” و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەری، له‌گه‌ل هەوڵدان بۆ ڕاكێشانه‌وه‌ی کارتی بەرەنگاربوونەوەی “داعش” لە دەستی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

لە لێدوانێکی پێشووشدا بۆ نۆرس پرێس، ڕیاز دەرار، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی سێ قۆڵی له‌ مۆسکۆ هەڕەشە لە بوونی ئەمریکا لە سوریا دەکات، هەروەها کۆبوونەوەکەی بە کۆبوونەوەی “دۆڕاوه‌كان” ناوبرد.

پێشتر ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا سه‌باره‌ت به‌ کۆبوونەوە سێقۆڵیەکەدا ڕایگەیاندبوو: “بە گومانەوە سەیری کۆبوونەوەی نێوان وەزیرانی بەرگریی حکومەتی تورکیا و سوریا دەکەین، کە لەژێر چاودێری ڕووسیادا ئەنجام دراوه‌”.

ئەمڕۆش، ایاد قودسی، سەرۆکی پەیمانی نیشتمانیی سوریا، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “لایەنێکی دیکەی ئەم لێکنزیکبوونەوەیە کاریگەری ئەرێنی هەیە، ئەویش درککردنە به‌وه‌ی كه‌ سورییەکان کەسیان نییە بۆ ئه‌وه‌ی یەکگربن و ئه‌و مافه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ کە” له‌لایه‌ن ئه‌و وه‌ڵاتانه‌ی سه‌ر خاكی سوریا زه‌وت كراوه‌”.

ئامادەکردنی: فادی حوسێن – داڕشتنه‌وه‌ی: ئەحمەد عوسمان