بانكی ناوه‌ندی دۆلاری زیاتر ده‌خاته‌ بازاری ناوخۆی عێراق

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

بانكی ناوه‌ندی عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ دابه‌زاندنی به‌های دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر به‌ دیناری عێراقی له‌ رێگای زیادكردنی ئەو ناوەندانەی كە تایبەتن بە فرۆشتنی دراوی بیانی لە بانكەكاندا، له‌ دوایین رۆژی ساڵی 2022دا به‌های 100 دۆلار به‌رامبه‌ر به‌ 153 هه‌زار دیناری عێراقی بوو.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی بانكی ناوه‌ندی عێراق،  مستەفا غالب پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق سەردانێكی مەیدانی بۆ ژمارەیەك لە بانكەكان ئەنجامداوە كە دەستیان بە فرۆشتنی دراوی بیانی كردووە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو ناوەندانەی تایبەتن بە فرۆشتنی دۆلار لە بانكەكان بۆ دوو هێندە زیاد ده‌كرێن بە مەبەستی گەڕاندنەوەی بەهای دۆلار بۆ دۆخی ئاسایی خۆی بەرامبەر بە دیناری عێراقی.

جێی ئاماژه‌یه‌ له‌ دوایین رۆژی ساڵی 2022دا، 100 دۆلار بە 153 هەزار دیناری عێراقی له‌ بازاره‌كانی ناوخۆدا مامەڵەی پێوە دەکرا.

بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020دا بڕیاریدا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات. 

ماوەی نزیکەی دوو ساڵ نرخی سه‌د دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار مایەوە، بەڵام رۆژی 11ی ئەم مانگە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2022دا نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و دواتر تاوەکو 159 هەزار و 500 دینار بەرزبووەوە و به‌ڵام جارێکی دیکە بەهای دیناری عێراقی بەرزبووەوە.