هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنی “ڕەشەبای جەزیرە”دا ٣٢ ئەندامی شانەکانی “داعش” دەستگیر دەکات

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئه‌مڕۆ شەممە، لە سێیەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی “ڕەشەبای جەزیرە” هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکردنی ٣٢ ئەندامی دیکەی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان ڕاگەیاند.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموكرات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، هێزەکانیان بازنەی ڕاوەدوونانی داعشیان فراوانتر کردووە كه‌ شارۆچکەی تەل براکی گوندەواری حەسەکەشی گرتۆته‌وه‌، ئه‌ویش دوای ئەوەی زانیارییان لەبارەی جموجۆڵە گومانلێكراوی “شانە تیرۆریستییەکان” و هەوڵی هەڵاتنیان لە ناوچەکە وەرگرتووە.

هه‌سه‌ده‌ ئاماژەی بەوەشکرد، سێ لەوانەی ده‌ستگیركراون لە لیستی داواكراوانی دادگان، کە لەماوەی کۆتاییدا ئەرکی سیخوڕییان بۆ ڕێکخراوەکە ده‌كرد.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هێزەکانیان سێ ئه‌ندامی داعش دەستگیرکردووە کە هەوڵیانداوە هەڵبێن دوای ئەوەی لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە دەرکراون، هەروەها ٦ ئه‌ندامیش “کە لە حه‌شارگه‌كانی داعش کاریان کردووە و کەرەستەی لۆجستی بۆیان بۆ دابین كردوون ده‌ستگیركراون”.

بەپێی بەیاننامەکە، لە کاتی پشکنین، هێزە ئه‌منییه‌كان دەستیان بەسەر جلوبەرگی سەربازیی گرتووە کە شانەکانی ڕێکخراوەکە وەکو خۆدزینەوە بەکاریان هێناوە.

“هەسەدە” ئاماژەی بەوەشدا کە به‌پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەگەڵ شانەکانی داعش ئه‌و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌ ” ناوچەکانی تەل حەمیس و تەل براک به‌كارده‌هێنن بۆ پاراستنی هێڵەکانی پشتیوانی دەرەکی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچەکانی دەرەوەی ده‌سهه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەری له‌ ڕۆژئاوای كوردستان.”

دوێنێ هەینیش، “هەسەدە” دەستگیرکردنی ٥٢ ئەندامی شانەکانی “داعش”ی لە دووەم ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ڕاگەیاند.

پێنجشەممەی ڕابردوو، “هەسەدە”، بە بەشداریی هێزەکانی ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستان و بە هەماهەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنی “ڕەشەبای جەزیرە”یان لە گونده‌واری حەسەکە و قامشلۆ ده‌ستپێكرد بۆ ڕاودونانی شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: دڵسۆز یوسف