هەولێر – نۆرس پرێس
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئامارەكانی شەڕی دژی داعش لە (2022) ی لەعێراق و سوریا خستۆتەڕوو، دەشڵێت، (313) ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش ئەنجامداوە، كە (118) ئۆپەراسیۆنیان لە سوریاو (195) ئۆپەراسیۆنیش لە عێراق بووە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە، لە ساڵی (2022) دا هێزەكانیان لەگەڵ هێزە هاوبەشاكانیان لە عێراق و سوریا، (313) ئۆپەراسیۆنیان لە دژی داعش ئەنجامداوە، كە (108) ئۆپەراسۆنیان لە سوریاو (191) ئۆپەراسیۆنیش لە عێراق بووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیان لە عێراق توانیویانە (220) ئەندام و سەركردەی داعش بكوژن و (159) ئەندام و بەرپرسی ئەو رێكخراوە دەستگیر بكەن بەهاوبەشی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق.
ئەو فەرماندەیە دەشڵێت، لە سوریا (446) چەكداری داعش كوژراون و (215) ئەندامی دیكەشیان دەستگیركردووە.
لە راگەیەندراوەكەدا فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا روونیكردۆتەوە، لە سوریا زیاتر لە (10) هەزار ئەندام و سەركردەی داعش لە زینداندان، هەروەها لە عێراقیش زیاتر لە (20) هەزار ئەندام و سەركردەی داعش لە زینداندان.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا جەختی لەسەر لاوازكردنی داعش لە ساڵی (2022) كردۆتەوەو رایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیان بۆ ساڵی (2023) بەردەوام دەبێت و هێشتا كاری زۆرماوە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزە هاوبەشەكانیان لە عێراق و سوریا پێكەوە ئەنجامی بدەن.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا ئەوەشیخستۆتەڕوو، لە ساڵی (2022) دا لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییانەی دژی داعش ئەنجامیانداوە هیچ سەربازێكیان نەكوژراوە.
ئەو فەرماندەیە بارەی كامپی هۆڵیشەوە وتی، زیاتر لە (25) هەزار منداڵی ئەندامانی داعش لەو كەمپەدا هەن و بوونەتە ئامانجی سەرەكی چەكدارەكانی داعش.