لە ساڵی نوێدا 150 خێزان لە کەمپی هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە عێراق
هەولێر – نۆرس پرێس
لە مانگى یەکەمی ساڵی نوێدا ‘کانوونى دووەمى’ 2023 کاروانێکى دیکەى 150 خێزانى عێراقییەکانى کەسوکارى داعش لە کامپى هۆلەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ کامپى جەدعە.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند، “ئەو 150 خێزانە بەشێکن لە 450 خێزان کە سەرجەم رێوشوێنەکانی بۆ کراوە و ئامادەن بۆ گەڕانەوە و لەدواى گەڕانەوەى کاروانى یەکەم، خێزانەکانى دیکەش بەدوایاندا دەگەڕێندرێنەوە.”
گەڕاندنەوەى ئەو کاروانەى خێزانە عێراقییەکان لە کامپى هۆل، لەدواى ئەوە دێت کە لە 4ـی تشرینى دووەم پرۆسەى گەڕانەوەى ئەو خێزانانە راگیرا، بەهۆى پێداچوونەوە بە رێوشوێنەکانى گەڕاندنەوەیان و بەڕێوەبردنى کامپى جەدعە لەلایەن وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانەوە.
گوتەبێژى وەزارەتەکە دەڵێ: “سەرجەم ئەو پرسانەى پەیوەندیدار بوون بە دابەشکردنى رۆڵەکان لە پرۆسەى گەڕاندنەوەى ئەو خێزانانە تەواو کراون.”
تائێستا حەوت کاروان لە خێزانەکانى داعش لە کامپی هۆل گەڕێندراونەتەوە کەمپى جەدعە لە نەینەوا، کە 920 خێزانن و لە 3749 کەس پێکهاتوون.
زیاتر لە 30 هەزار هاووڵاتیى عێراقى لە کامپى هۆلن کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵی چەکدارانی پێشووی داعشن.