هەسەدە 52 ئەندامی داعش دەسگیردەکات

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند کە 52 ئەندامی شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان دەستگیرکردووە، لە دووەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی  “گەردەلولی جەزیرەدا”

دوێنێ پێنجشەممە، “هەسەدە” ئۆپەراسیۆنی “گەردەلولی جەزیرە”ی لە گوندەوارەکانی حەسەکە و قامیشلۆی بۆ راوەدوونانی شانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” راگەیاند.

“هەسەدە” لە روپەڕی فەرمی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، کە “”بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک، هێزەکانمان، بە بەشداری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانی “گەردەلولی جەزیرە” بۆ بەدواداچوون و راوەدوونانی شانە تیرۆریستییەکانی داعش لە ناوچەکانی هۆل و تل حمیس”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هێزە هاوبەشەکانمان 52 بەکرێگیراویان لە داعش و ئاسانکارانی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکانی دەستگیرکردووە، کە لە ناوچەی نیشتەجێبوون و کێڵگەی هاوڵاتیاندا خۆیان حەشاردابوو.”

راشیانگەیاند “هێزە هاوبەشەکان لە نۆ میحوەرەوە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکان کردووە، لەگەڵ فراوانبوونی ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانی شان و کەو کردن و هەڵمەتەکان دوای ئەوەی هەندێک لە ئەندامانی شانە تیرۆریستییەکان هەوڵیاندا فشار بخەنە سەر هاوڵاتیان بۆ ئەوەی رێگەیەکی دەرچوون بۆ هەڵهاتن مسۆگەر بکەن”.

“هەسەدە” جەختی لەوە کردەوە کە “ئەو هەڵمەتە پێشوەختە و لەناکاوانەی لەلایەن هێزەکانەوە ئەنجامدراون، هەموو هەوڵەکانی شانە تیرۆریستییەکانیان پووچەڵکردەوە، ناچاریان کردوون خۆیان رادەست بکەن.”

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخست، بەپێی ئەوەی “هەسەدە” وتی: “بەکرێگیراوان دانیان بە تێوەگلانی خۆیاندا ناوە لە زۆرێک لە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستییەکان و دابینکردنی سەرچاوەی ماددی و چەک بۆ شانەکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە، لەکاتێکدا ژمارەیەکیان ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستیەکان لە پشووی سەری ساڵدا”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: محەمەد ئەلقازی