بەرزبوونەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار

سلێمانی – نۆرس پرێس

بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار زیاتر بەرزبووەوە، دوو بانکی عێراقیش فرۆشتنی دۆلاریان بە نرخێکی ھەرزان راگەیاند، دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بۆ بەرزبوونەوەی بەھای دیناری عێراقی لە رێگەی بە زیادکردنی ژمارەی بانکەکان و زیادکردنی بڕی دۆلاری فرۆشراو.

بانگی رافیدەین لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، نرخی 100 دۆلار بە 145 ھەزار و 500 دینار بەو کەسانە دەفرۆشێت کە دەیانەوێت گەشت بکەن، بەمەرجێک نابێت بڕەکەی لە 10 ھەزار دۆلار زیاتر بێت.

ھەروەھا بانکی ئەلعالەم رایگەیاند، 100 دۆلار بە نرخی 146 ھەزار و 500 دینار دەفرۆشن بە ھاوڵاتییان بەمەرجێک بڕەکەی لە دوو ھەزار دۆلار زیاتر نەبێت.

بەپێی بڕیارێکی نوێی بانکی ناوەندی عێراق، رێوشوێنەکانی خستەڕووی دۆلاریان لە رێگەی زیادکردنی دەروازەکانی فرۆشتنی نەختینەیی دۆلار بۆ ئەو کەسانەی گەشتیارن یان گەشت دەکەن ئاسان دەکرێت، ھەروەھا دەستیشدەکرێت بە زیادکردنی بڕی ئەو دۆلارەی بانکەکان وەریدەگرن.

بەھای 100 دۆلاری ئەمریکی لەچەند رۆژی رابردوودا گەیشتە نزیک 160 ھەزار دینار، ئەوەش نزمترین بەھا بوو لە مێژووی چاپی نوێی دیناری عێراقیدا، بەڵام لە دوێنێوە بەھای دینار جارێکی دیکە بەرزبوویەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانیدا، 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 151هەزار و 500 دینارە، کە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیووە بەراورد بە دوێنێ کاتی کردنەوەی بازاڕ کە 156 هەزار و 500 دینار بووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە نرخی دۆلار بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینییووە و بانکی ناوەندی و سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق چەند رێکارێکیان راگەیاند بۆ دابەزینی نرخەکەی کە گەیشتە 160 هەزار دینار.