تورکیا لە دەروازەی کفرلوسینەوە هێزی سەربازی نوێ دەنێرێت بۆ ئیدلیب
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، تورکیا هێزی سەربازی نوێیان نارد بۆ بنکەکەیان لە ئیدلب، کە باکووری رۆژئاوای سوریا جێگیر کراون، لە کاتێکدا ناوچەکە هەڵکشانی سەربازی و تۆپبارانی دوولایەنەی هەردوو لایەنی ململانێکە بەخۆوە دەبینێت.
شایەتحاڵان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، کاروانێکی سەربازی هێزەکانی تورکیا کە لە نزیکەی 10 ئۆتۆمبێل پێکهاتبوون، لە دەروازەی سنووری سەربازی کفرلوسین لەگەڵ تورکیا، لە باکووری ئیدلب، بەرەو ناوچەکانی ناوخۆی ئیدلب چوونەتە ژوورەوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، کاروانەکە نزیکەی 10 ئۆتۆمبێلی سەربازی لەخۆگرتبوو، کە پێکهاتبوون لە زرێپۆش و تانک و بارهەڵگرێک کە کەرەستەی لۆجستیی تێدابوو.
بەڵام ئەمجارە کاروانەکە بەبێ یاوەری گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن تێدەپەڕی، وەک ئەوەی لە ڕابردوودا نەریتبوو.
لای خۆیەوە سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ نۆرس پرێس پشتڕاستیان کردەوە کە کاروانەکە، دوای چوونە ژوورەوەی، بەرەو خاڵە تورکییەکان لە دەوروبەری شاری بنیش لە رۆژهەڵاتی ئیدلب جێگیرکراون، بەڕێکەوتووە، ئەو خاڵانەش لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن جێگیرکراون.
هاتنە ناوەوەی هێزی تۆکمە بۆ ناو ئیدلب لە کاتێکدایە کە میحوەرەکانی جەنگ لە گوندەواری ئیدلب و حەڵەب نزیکەی 20 رۆژە هەڵکشانی سەربازی بەخۆوە دەبینێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەنگۆی نیازی دەستەی تەحریر شام هەیە بۆ دەسپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ دژ بە هێزەکانی حکومەت لە گوندەوارەکانی ئیدلب و حەڵەب.