عێراق؛ به‌ فه‌رمی داوا له‌ كورد ده‌كرێت پۆستی سه‌رۆك كۆمار یه‌كلابكه‌نه‌وه‌

سلێمانی‌-نۆرس پرێس

چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگی، كه‌ زۆرینه‌ی لایه‌نه‌كانی‌ شیعه‌یه‌ جگه‌ له‌ ره‌وتی سه‌در، داوا لە لایەنە کوردییه‌كان دەکات كاندیدێك بۆ سه‌رۆك كۆمار دیاری بكه‌ن له‌م هه‌فته‌یه‌دا تا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری كۆببێته‌وه‌.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە 101ـی خۆی له‌ شه‌وی رابوردودا ئه‌نجامداوه‌و بڕیاری ئه‌وه‌یان داوه‌ كۆبونه‌وه‌كانیان به‌رده‌وامی هه‌بێت تا كاندیدێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران دیاری بكه‌ن.

له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا چوارچێوه‌كه‌ داوای لە سەرۆکایەتی ئنجومه‌نی نوێنه‌ران كردوه‌ لە ماوەی ئەم هەفتەیدا  کۆبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و تەواوکردنی رێکارە دەستورییەکان.

داواشی لەلایەنە کوردییەکان (پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان) كردوه‌ گفتوگۆکانیان چڕبکەنەوە و رێکبکەون لەبارەی سەرۆککۆمار یان میکانیزمی هەڵبژاردنی له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا.

دوێنێ هه‌ینیش محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران لە تویتەر رایگەیاند داوایكرد، لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان “بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و گفتوگۆکان یەکلابکەنەوە بۆ چون بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار”.

پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌ نه‌ریتی سیاسی عێراق له‌ دوای 2003 و روخانی‌ رژێمی سه‌دام، بۆ كورد یه‌كلابوه‌ته‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی، كاندیدیان بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌یه‌.

یه‌كێتی به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری ئێستای كاندیدكردوه‌، پارتی-ش رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كاندیدكردوه‌.

تا ئێستا هیچ كام له‌و دو پارته‌، له‌سه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌ش بۆ پۆسته‌كه‌ نه‌گه‌شتونه‌ته‌ رێكه‌وتن.