ئیسرائیل دەڵێت لە ماوەی دوو یان سێ ساڵدا هێرش ده‌كه‌ینه‌ سەر ئێران

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە ئیسرائیل لە ماوەی دوو یان سێ ساڵ هێرش بکاتە سەر شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران.

هەرچەندە لێدوانه‌كانی شتێکی نوێ نییە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، بەڵام ئەوە یەکەمجارە کە تەلئەبیب كاته‌كه‌ی دیاری ده‌كات.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە وتارێکدا بۆ خوێندکارانی دەرچووی هێزی ئاسمانی، ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو یان سێ ساڵدا ڕەنگە له‌ ئاسمانی ئیسڕائیل بپەڕێنەوە بۆ ڕۆژهەڵات و بەشداری له‌ هێرشی سەر شوێنە ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران بکەن.

گانتز لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەریشدا کورتەیەک لە وتارەکەی لەسەر ئێران بڵاوکردەوە.

لێدوانەکانی ئه‌و وەزیره‌ی ئیسرائیل لە کاتێکدایە کە دانوستانەکان ئێران و ڕۆژئاوا سەبارەت بە دۆسیەی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ بەشێوەیەکی پچڕپچڕ بەردەوامە.

لەگەڵ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، ئێران هەوڵەکانی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم زیاتر دەکات کە دەتوانرێت بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمیش بەکاربهێنرێت، سەرەڕای ئەوەی ئێران ڕەتیدەکاتەوە هیچ نیازێکی هەبێت بۆ ئەو کارە.

ئیسرائیل هەمیشە بیرۆکەی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ڕەتکردووەتەوە و چەندین جار هەوڵیداوە پاڵ بە ئەمریکاوە بنێت بۆ ئەوەی نەگاتە ئەو ڕێککەوتنە سزاکانی سه‌ر ئێران به‌رده‌وامی هه‌بێت.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر