مەزڵوم عەبدی: تورکیا دەیەوێت گورزێک لە هەوڵەکانی “هەسەدە” و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بوەشێنێت لە دژایەتیکردنی تیرۆردا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ، هەینی 15.7.2022 سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، مەزڵوم عەبدی وتی: یەکێک لە ئامانجەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی ناوچەکە وەشاندنی گورزێکە بۆ هەوڵەکانی “هەسەدە” و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە دژایەتیکردنی تیرۆردا و ئەگەر ئەو هێرشە ئەنجام بدات شکست دەهێنێت.

وتەکانی جەنەڕاڵ عەبدی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هات لە شاری حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان.

هەروەها رایگەیاند کە هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و جموجوڵ و خۆئامادەکردن بۆ داگیرکاریەکی نوێ دەکەن، ئەگەر رێگایان پێ بدرێت کردەوەی سەربازی نوێ ئەنجام دەدات، ئاماژەشی بەوەدا کە دەوڵەتی تورکیا پابەند نەبووە بە رێکەوتنی ئۆکتۆبەری 2019 وە.

وتیشی: هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و جموجوڵی هێزە سەربازیەکانیان بەدی دەکرێت لە هێڵی تەماسیان لە گەڵ هێزەکانی ئێمەدا.

بە وتەی جەنەڕاڵ، هێزەکانی تورکیا ئەوە دەکەن بە بیانوو کە گوایە هێزەکانی ئێمە پابەند نەبوون بە رێکەوتننامەی سوتشی ساڵی 2019 وە، بەڵام سەرجەم ئەم بیانوانە درۆن.

ئەوەی پشتڕاست کردەوە و وتی: هێزەکانی تورکیا بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانمان، لە ماوەی مانگی رابوردوودا تورکیا 1360 جار هێرشی کردوەتە سەر ناوچەکانمان.

جەنەڕاڵ وتی: ” ئەنجامی بەدواداچوونەکانمان دەریانخست کە هێرشی سەر زیندانی گوێران لە ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیاوە ئەنجامدراوە،  ئەو ناوچانەی تورکیا داگیری کردوون بوون بە شوێنی داڵدەدانی تیرۆریستان و لەوێوە هێرش بۆ سەر ناوچەکانمان ئەنجام دەدەن”

رایگەیاند: ” سەختە بۆ هێزەکانمان لەیەک کاتدا لە دوو بەرەدا بجەنگێن دژ بە داعش و دژی تورکیا، هەر هێرشێک لە لایەن داگیرکاری تورکیاوە مانای شێواندنی شەڕە لە گەڵ داعش و بەگوێرەی زانیاریە سیخۆڕیەکانمان ئامادەکاری هەیە بۆ هێرش کردنە سەر کامپی ئەلهەول، ئەو ناوچانەی تورکیا داگیری کردوون بوون بە شوێنی داڵدەدانی تیرۆریستان و لەوێوە هێرش بۆ سەر ناوچەکانمان ئەنجام دەدەن”

 هەروەها رایگەیاند: ” کردەوەکانمان دژ‌ بە داعش کەمیان کردووە بە هۆی هەڕەشەکانی تورکیاوە، چونکە سەختە لە دوو بەرەدا بجەنگیت”

عەبدی دووپاتی کردەوە و وتی: ” پابەندین بە رێکەوتنەکانی ئاگربەست و هێزەکانمان بە درێژایی 30 کم کشاونەتەوە و لەوێدا کاروانی سەربازی روسی و تورکی و بڵاوبوونەوەی هێزەکانی حکومەت، بوونیان هەیە”

راشیگەیاند کە ” لەماوەی دوو مانگی پێشوودا و بە مەبەستی دانانی بەربەستێک بۆ ئەم هێرشانە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی وەک روسیا و ئەمریکادا دیداری چڕمان هەبووە، چەند هەڵوێستێک لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیەوە هەیە بەڵام نابنە رێگری تەواو بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا”

وتیشی: ” لە لایەن روسیاوە هەوڵ هەیە بۆ راگرتنی ئەم هێرشانە و ئێمەش ئامادەی روبەڕوبوونەوەی هەر هێرشێکین بۆ سەر ناوچەکانمان”

ئەوەی زیاد کرد بۆ وتەکانی: “بە گرینگیەوە تەماشای کۆبوونەوەی سێقۆڵی تورکیا و روسیا و ئیران دەکەین لە ۱۹ ی تەموز و لەوبڕوایەداین ئەو لایەنانە رێگە بە تورکیا نادەن هێرش بکات”

دەربارەی هێزەکانی حکومەتی سوریاش، جەنەڕاڵ رایگەیاند: ” رەزامەندیمان نواند بە دامەزراندنی چەند خاڵێکی سوپای سوریا لە کۆبانی و مەنبیج و ناوچە سنوریەکان تا رۆڵی خۆیان بگێڕن لە پاراستنی سنورەکاندا و هەرچیمان پێ بکرێت دەیکەین بۆ دورخستنەوەی جەنگ لە ناوچەکانمان”

وتیشی: ” هیوا بە جەنگ ناخوازین و هەوڵی پاراستنی ئاگربەست دەدەین و لەمڕوەوە بەردەوام دەبین لە هەوڵ”

رایگەیاند: ” ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە، بەڵام کێشە ناوخۆیەکانی تورکیا بەرەو شەڕ پاڵی پێوە دەنێن، و ئەم جەنگەش وەک جەنگەکانی تر نابێت، لە هیچ ناوچەیەک ناکشێینەوە، وەک ئەوەی تورکیا وێنای دەکات و گەلەکەمان لە رۆژاڤا پارێزگاری لە خاکەکەیان دەکەن”

لە کۆتایشدا سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند:” بە باشترین شێوە ئامادەین بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر هێرشێکی نەخوازراو، لە بارەی دژە فڕۆکەشەوە رێوشوێنمان گرتوەتەبەر، ئەگەر تورکیا هێرشێکی نوێ بکات، ئاسان بۆی ناچێتەسەر و ئەمجارە وەڵاممان توند دەبێت.”