میقداد و لاڤرۆڤ چەند دۆسیەیەکی تایبەت بە سوریا گەنگەشە دەکەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، فەیسەڵ موقدام، وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا رووسییەکەی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، چەند دۆسیەیەکی تایبەت بە کاروباری ناوخۆ و نێودەوڵەتیی سوریایان، تاوتوێکرد.
دەزگای فەرمی “سانا” رایگەیاند کە هەردوولا بڕیارنامەی 2642 ی تایبەت بە درێژکردنەوەی میکانیزمی هاتنە ناوەوەی یارمەتییە سنووربەزێنەکان بۆ ناو سوریا تاوتوێ کردووە، هەروەها پابەندنەبوونی وڵاتانی رۆژئاوایی بە بەرپرسیارێتی خۆیان بەپێی بڕیارنامەکە، بەتایبەتی سەبارەت بە پڕۆژەکانی چاکسازی پێشوەختە.
دوا وادەی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە میکانیزمی چوونە ژوورەوەی یارمەتییەکان بۆ ناو سوریا لە ناوەڕاستی مانگی یەکدا کۆتایی دێت، دوای ئەوەی لە 12ی تەمموزدا درێژکرایەوە.
چوارشەممەی رابردوو، نوێنەری دیمەشق لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەسام سەباغ، رەخنەی گرت لە پێداگری لەسەر درێژەدان بە هاتنە ناوەوەی یارمەتییەکان بۆ ناو سوریا لەودیو سنوورەکانەوە و ئاماژەی بەوەدا کە “بانگەشەکانی وڵاتانی رۆژئاوا پێچەوانەی گەمارۆی نامۆڕاڵی و نامرۆڤانەی بێ وێنەیە، کە بەسەر سوریادا دەیسەپێنن”.
میقداد ئاماژه ی بەوەشکردووه ، سزاکانی رۆژئاوا کە بەسەر سووریادا سەپێنراون، دۆخی ئابووری وڵاتەکەی خراپتر کردووە، هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بەوەی “بەردەوامە لە دزینی سەرچاوە نەوتییەکان و گەنمی سووریا.”
گەیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە دۆخی سوریا دوای سەردانەکەی بۆ دیمەشق رایگەیاندبوو، “دۆخی مرۆیی و ئابووری لە سوریا زۆر خراپە”.
پێدەرسن جەختی لەوە کردەوە کە “ناتوانرێت یارمەتییە مرۆییە سنووربەزێنەکان بەدوور بگیرێت و پێویستە بڕیارەکان لەم بارەیەوە درێژ بکرێتەوە.”
چاودێران پێیان وایە، ڕەنگە بڕیاری درێژکردنەوەی رادەستکردنی هاوکارییەکان بۆ سوریا لە خولی داهاتوودا لەگەڵ ڤیتۆی نوێی ڕوسیادا بەریەککەوتن بکرێت، بەتایبەتی کە روسیا وڵاتانی رۆژئاوای تۆمەتبار دەکات بەوەی کە دۆسیەی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ سوریا بە سیاسی کردووە.