دەربارەی کۆنترۆڵکردن سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سوریا و ئێران سودانی بڕیارێک دەردەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، یەحیا رەسوڵ گوتەبێژی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی وزاری، فەرمانێکی لەبارەی زیاتر کۆنترۆڵکردن و پاراستنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ سوریا و ئێران دەرکردووە و سەرجەم فەرماندە سەربازییەکانیشی راسپاردووە، تەواوی پێداویستییە لۆجستییەکان بۆ ئەو ھێزانە دابین بکەن کە رەوانەی سەر سنورەکان دەکرێن بۆئەوەی بتوانن بەشێوەیەکی باشتر ھەموو سنورەکانی عێراق لەگەڵ سوریا و ئێران بپارێزن.

وتیشی، رێکارەکانی ھێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ پاراستنی سنوورەکان، بۆ دژایەتی ھیچ وڵاتێک نییە، بەڵکو زیاتر پاراستنی ئاسایش و ئارامییە و حکومەتی عێراقیش پەیوەندییەکی باش و دۆستانەی ھەیە لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بەگشتی و وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی.