شاری سلێمانی بە پلاتفۆڕمێکی تایبەت پێشوازی لە سەری ساڵ دەکات

سلێمانی – نۆرس پرێس

ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی دیکە، شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە پلاتفۆرمێکی جیاوازەوە پێشوازی لە بۆنەکانی سەری ساڵ و جەژنی لەدایکبوون دەکات.

رێکخستنی بۆنەکان و رازاندنەوەی شار بە کۆمپانیای ” ئین سلێمانی” سپێردراوە.

ئین سلێمانی کە پلاتفۆڕمێکی تایبەتە بە ڤیستیڤاڵ و بۆنەو چالاکییەکانی ئەمساڵی سلێمانی بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ ڤیستیڤاڵێکی گەورەی بۆ پێشوازی کردن لە ساڵی نوێ رێکخستووە، شەوانە بە بەشداری ژمارەیەک لە ھونەرمەندانی دیار لە شەقامی سالم کۆنسێرتی گۆرانی و مۆزیک و دەیان چالاکی تر ئەنجام دەدات..

بە گوتەی رێکخەرانی پلاتفۆرمەکە، “ئامانجی پلاتفۆرمەکە زیندووکردنەوەی ساتە خۆشەکانە، لەنێو دڵی خەڵکەکەیدا لەگەڵ ھاتنی ساڵی نوێ گەورەترین ڤیستیڤاڵی ساز دەکات.”

ھەروەک رایانگەیاندووە کە “پلاتفۆرمەکە دەیەوێت سلێمانی وەک ھەمیشە پێشەنگی کەلتوور و نوێگەری و داھێنان بێت.”

چالاکییەکانی فێستیڤاڵی ساڵی نوێ بەمشێوەیە دەبن:

_ رازاندنەوەی تەواوی شاڕێی سالم، چەند شوێنێکی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود و سەر پرد و ئەندەرپاسەکان.

_ کۆنسێرتی مۆسیقا: 2 کۆنسێرتی گەورە لە شەوانی 30 و31ی بە بەشداری چەندین هونەرمەندی گەورە، گرووپی هەڵپەڕکێ و چەند باندێکی مۆسیقای شەقام بەڕێوەدەچێت.

_ مارکێتی ئین سلێمانی بە بەشداری زیاتر لە 60 خاوەنکاری ناوخۆیی و 40 خواردەمەنی جیاواز دەکرێتەوە و کاڵا و خواردنەکانیان نمایش دەکەن و دەفرۆشن.

_ گەیم زۆن(یاریی شەقام): تۆپ، یاریی بەخت، نیشانەشکاندن، تاقیکردنەوەی هێز، تەڕدەستی، سێرک، یاریی ئاگرین و چەندین یاری دیکە.

_ چالاکی بۆ منداڵان: باڵۆن، فەیسپەینتین (وێنەکێشانی سەر روخسار)، یاری و دیاری بابە نوئێل، سپایدەرمان، باتمان و هتد…