ناوەندێکی توێژینەوەی ئەمریکی: سەرەڕای کوشتنی خەلیفەکەیان.. داعش لە 2022 چالاکتر بووە

هەولێر – نۆرس پرێس

لە ڕاپۆرتێکدا کە ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئەمریکی بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، مەترسییەکانی رێکخراوی داعش لە سوریا و عێراق بەردەوامە، لەکاتێکدا لە ئەفریقا و ناوچەکانی دیکەی ئاسیای ناوەڕاست توندتر بووە.

سەنتەری ویڵسنی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە رایگەیاندووە کە ئاماژەکانی باس لە گۆڕانکاری سەرکردایەتی دەکەن لە هەریەکە  لە رێکخراوەکانی “قاعیدە و داعش”دا، بەڵام ئەمە لەگەڵ گۆڕانکاری ڕیشەیی یان دەسکەوتی نوێ لە بەرەکانی شەڕدا هاوتا نەبووە.

سەنتەرەکە کە لە کۆنگرێسەوە نزیکە و بنکەکەی لە واشنتۆن دی سییە، ئاماژەی بەوە کردووە کە هەردوو رڕێکخراو بە گشتی نەخشەکانی ساڵی 2021 یان پەیڕەو کردووە.

تەنانەت بە لەدەستدانی سەرکردەکانیشیان، وەک لە راپۆرتەکەدا باسکراوە “تۆڕی جیهانی داعش”  لە ساڵی 2022 دا لە ئەفریقاوە تا ئاسیای ناوەڕاست چالاک ماوەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئەمریکی، زۆرترین ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە ساڵانی رابردوودا بەرەو باشوور و ئەفریقا گۆڕاوە، گروپەکە شانازی بە چالاکبوونی لە چەندین “ویلایەت” لە ئەفریقا دەکات لەوانە نەیجیریا لە رۆژئاوای ئەفریقا، مالی لە ساحل، کۆماری کۆنگۆی دیموکراتیک لە ئەفریقای ناوەڕاست و مۆزەمبیق لە باشوور ئەفریقا.

ئەمە جگە له چالاکییەکەی بە تایبەتی له ئەفغانستان  بەدرێژایی سنووری پاکستان که بە دەوڵەتی “خۆراسانی داعش” ناسراوه .

سەبارەت بە رێکخراوی قاعیدە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، قاعیدە لە ساڵی 2022دا ئەوەندە بەهێز نەبوو، بەو پێیەی بەهێزترین لقەکەی لە ساڵی 2013 تا ساڵی 2016 بەرەی نوسرە بوو،بەڵام لە ساڵی 2016 دا ناوی خۆی گۆڕی بۆ “دەستەی تەحریر شام”و لە ساڵی2017 وە  فەرمانڕەوایی ناوچەکانی ئیدلبی کردووە.

ناوەندەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک بەرەی نوسرە قاعیدەی بەجێهێشت، بەشێک لە دڵسۆزانی قاعیدە لە سوریا لقێکی نوێیان بە ناوی “حوراس ئەلدین”یان پێکهێنا، سەرەتا زۆر چالاک بوو، بەڵام دواتر تەحریرشام  چالاکییەکانی چڕتر کردەوە و بەشێک لە ئەندام و سەرکردەکانی دەستگیر کرد.

جگە لە مانەوەی چالاکی لە سوریا و عێراق، ناوەندی توێژینەوەکە باس لەوە دەکات کە بەهێزترین لقەکانی قاعیدە لە ئەفریقا بریتین لە ئەلشەباب لە سۆماڵ و جەماعەتی نوسرەتولئیسلام و موسلیمین لە ناوچەی ساحلی ئەفریقا.

 بە پێچەوانەی قاعیدەوە، داعش لە ساڵی 2022 دا ئامادەیی بەهێزی هەبووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت عێراق و سوریا و نیمچە دورگەی سینا لە میسر.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر