برینداربوونی 7 کەس لە رووداوێکی هاتۆچۆدا لە سەر رێگەی حەسەکە-قامیشلۆ
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممەی، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای حەسەکە- قامیشلۆ باکووری سووریا، 7 کەس بریندار بوون. کرێکارێکی تێڕمیناڵی گەڕەکی گەشتیاری لە شاری قامیشلۆ بە نۆرس پرێسی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، پاسێکی نەفەرهەڵگری سەر بە کۆمپانیای “دیجلە” کە لە شاری حەسەکەوە بەرەو قامیشلۆ دەڕۆیشت، لە نزیک گوندی خربەت غەزەل لە ڕێڕەو دەرچوو و وەرگەڕاوە لە رێگای نێودەوڵەتی.
روونیشیکردەوە، ئەو پاسە کە 28 سەرنشینی تێدابووە و هەندێکیان برینداربوون، دواتر گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی قامیشلۆ.
فورات مەقدسی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سەلام، بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، 7 کەس کە برینەکانیان جیاوازە لە نێوان شکان و دەرچوونی ئێسک، گەێنراونەتە نەخۆشخانەکە، جەختیشیکردەوە باری تەندروستی بریندارەکان جێگیرە.