داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە سێ هێرشی دژ بە هەسەدە راگەیاند
دێرەزوور – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە رێگەی ناسێنەرەکانیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە سێ هێرشی دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە گوندەواری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا، راگەیاند.
دەزگای ئەلیکترۆنی “ئەعماق” کە نزیکە لەو رێکخراوە، راگەێنراوێکی بڵاوکردەوە، تیایدا ئاماژەی بەوەکردووە، چەکدارانی رێکخراوەکە بە “ئاڕ بی جی” و دۆشکە خاڵێکی پشکنینی “هەسەدە”یان لە نزیک شارۆچکەی جاسمی لە ناحیەی ئەلسور لە باکووری دێرەزوور، کردۆتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو چەکداری “هەسەدە” برینداربوون و زیانیان بە خاڵە سەربازییەکەش گەیاندووە.
لە راگەێنراوێکی دیکەدا ئاماژەیان بەوەکردووە، کە چەکدارانی ئەو رێکخراوە بە چەکی ئۆتۆماتیکی ئۆتۆمبێلێکی “هەسەدە”یان لە نزیک بازاڕی شارۆچکەی دیبان، 50 کم رۆژهەڵاتی دێرەزۆر کردە ئامانج و بەهۆیەوە برینداربوونی لێکەوتەوە.
لە سێهەم هێرشدا، رێکخراوەکە بەرپرسیارێتی خۆی لە بەئامانجکردنی چەکدارێکی “هەسەدە” لە شارۆچکەی هاوایج بومسا لە گوندەواری رۆژئاوای دێرەزوور، راگەیاند و لە راگەیەندراوەکەی “ئەعماق”دا ئاماژە بەوە کراوە کە چەکدارانی رێکخراوەکە بە دەمانچەی بێدەنگکەر ئەو ئەندامەی هەسەدەیان لە ناو بازاڕی شارۆچکەکەدا کردۆتە ئامانج ، کە بووە هۆی برینداربوونی.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئاهەنگەکانی سەری ساڵی نوێ، سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییە چڕانەی کە لەلایەن “هەسەدە”وە گیراونەتەبەر،لەم دواییانەدا هێرشەکانی “داعش” لەو ناوچانەی کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون زیادیان کردووە.