هەولێر – نۆرس پرێس
بەھای دیناری عێراقی بەردەوامە لە دابەزین لە بەرامبەر دۆلار و دراوە بیانیەکاندا، ئەمڕۆش نرخەکەی زیاتر دابەزی و 100 دۆلاری ئەمریکی 158 ھەزار دیناری تێپەڕاند، ئەوەش نزمترین نرخیەتی لە مێژووی چاپی نوێی دیناری عێراقیدا.
ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕی دراو لە پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەھای 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 158 ھەزار و 500 دینار، بەراورد بە دوێنێ نزیکەی ھەزار دینار ھەرزانتر بووە.
ماوەی زیاتر لە دوو ھەفتەیە بەھای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە دابەزینی بەردەوامدایە، ئەوەش دوای ئەوەدێت کە بانکی ناوەندی عێراق بەراورد بە مانگی رابردوو بە رێژەی زیاتر لە 40% خستنەڕووی دۆلاری کەمکردووەتەوە، ئەو کارەش بووە بە ھۆکاری نزمبوونەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار.