ئاسایشی نیشتمانیی عێراق داواکراوێکی مەترسیدار لە کەرکووک دەستگیردەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

شەوی رابردوو، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی لە پارێزگای کەرکووک ئەنجامداوە و لە بۆسەیەکدا ئەو داواکراوەیان دەستگیرکردووە.

ئەحمەد حەسەن جەواد کە ناسراوە بە “ئەحمەد رۆمییە” فەرمانی دەستگیرکردنی بەپێی ماددەی چواری تیرۆر بۆ دەرچووە. بەهۆی “ئەنجامدانی کردەوەی تاوانکاریی کە هەڕەشە بووە بۆسەر ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی پارێزگاکە.”

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای چەند رۆژێک هات لە بەدواداچوونی مەیدانی و پاڵپشت بە زانیاری هەواڵگریی ورد کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دیالە پێشکێشکرابوو لەبارەی بوونی داواکراو “ئەحمەد رۆمییە” لە پارێزگای کەرکووک. دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی وەڵامدانەوەی خێرا و هێزەکانی تایبەت، ناوبراویان دەستگیرکردووە.

دواتر بەپێی رێکارەکان گوتەی “ئەحمەد حەسەن جەواد” ناسراو بە ” ئەحمەد رۆمییە” وەرگیراوە و رادەستی لایەنە پەیوەندارەکان کراوە، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا رێکاری پێویستی لەبەرامبەر بگیرێتەبەر.