دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی دووشەممە، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، رایگەیاند، “نزیکەی پێنج ملیۆن منداڵ کە لە سەردەمی جەنگدا لە لە سوریا لەدایک بوون، وڵاتەکەیان لە ئاشتیدا نەبینیوە”.
لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە سوریا جەنگ بۆ ماوەی 11 ساڵە ئاراستەی ژیانی هەڵگەڕاندوەتەوە “.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زیاتر لە 80 هەزار پەنابەری سوری لە کامپی زەعتەری لە ئوردنن و رەنگە زۆرێکیان لە داهاتوویەکی نزیکدا ناچاربن لە دەرەوەی وڵاتەکەیان بمێننەوە.
دۆمینیک پارچ، نوێنەری UNHCR لە عەممانی پایتەختی ئوردن، لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئاسۆی گەڕانەوە لە ئێستادا “بە ئومێدبەخش دەرناکەوێت، هەروەها ژینگەیەک لە سوریا نابینین کە لەبار بێت بۆ گەڕانەوە”.
ئوردن میوانداری “نزیکەی 675 هەزار پەنابەری سوری کردوە، کە زۆربەیان لە شارۆچکە و گوندەکانی لەنێو کۆمەڵگاکەدا دەژین، لەکاتێکدا تەنها لەسەدا 17یان لە کامپی سەرەکیی پەنابەرانی زەعتەری و ئەزراقدا دەژین”.
کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، حکومەتەکانی جیهان بەڵێنیان داوە نزیکەی یەک ملیار و 130 ملیۆن دۆلار کە بڕە پارەیەکی پێوانەییە دابین بکەن، بۆ سەرەتاکانی ژیانی ئەو کەسانەی بەهۆی جەنگ و توندوتیژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەوە ئاوارە بوون.
فیلیپۆ گراندی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: لە ئەنجامی ململانێکان و باری نائاسایی کەشوهەوا و قەیرانەکانی دیکە، خەڵکی ئاوارە لە سەرانسەری جیهان رووبەڕووی پێویستییەکی بێ وێنە بوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشبەختانە بەخشەرە بەخشندەکانی UNHCR بەردەوامن لە پشتیوانیکردنیان لەم ڕۆژە سەختانەدا، ئەمەش هیوایەک بۆ داهاتوویەکی گەش دروست دەکات.