لەمساڵدا 167 ماڵبات کامپی روکبانیان جێهێشتووە

دەرعا – نۆرس پرێس

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی یەکشەممە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئەمڕۆ 176 ماڵبات کامپی روکبانیان بەجێهێشتووە کە کامپێکە بۆ پەنابەرانی سوریا لەسەر سنووری سوریا و ئوردن،

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “بۆ دەربازبوون لەو واقیعە دڵتەزێنە، مانگانە بە تێکڕا لەنێوان 3 بۆ 15 خێزان هەوڵدەدەن بچنە دەرەوە، بەو پێیەی ژمارەی ئەو خێزانانەی کەمپەکەیان بەجێهێشتووە لەماوەی ئەمساڵدا گەیشتووەتە 167 خێزان، واتە بە مەزەندەکردنی هەزار کەس. ”

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوو 15 خێزان ڕۆیشتوون، مانگی نۆڤەمبەری ڕابردووش تەنیا سێ خێزان ڕۆیشتوون، لەکاتێکدا لەم مانگەدا هیچ ڕۆشتنێک روینەداوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لە ئەنجامی تێکچوونی رەوشی تەندروستی سێ منداڵ گیانیان لەدەستداوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو گەمارۆ خنکێنەرەی کە لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریا و ڕوسیا و ئێرانەوە سەپاندووە.

ئەو هەشت هەزار دانیشتووانەی کامپی روکبان لە ساڵی 2018ەوە بەدەست گەمارۆیەکی سەختەوە دەناڵێنن و هێزەکانی حکومەتیش بە بیانووی نەبوونی ئاسایش لەوێ ڕێگرییان لە گەیشتن بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە بۆ کەمپەکە، بەپێی دوایین ئاماری ڕوانگەی سوریا.

روانگە داوای “بێلایەنکردنی دۆسیە مرۆییەکان لە هەموو ململانێ سیاسی و سەربازییەکان” کرد، هەروەها بانگەوازەکەی نوێکردەوە بۆ گواستنەوەی منداڵ و ژنانی نەخۆش بۆ وڵاتانی دراوسێ بۆ چارەسەرکردن.

ناوبراو جەختی لە “گرنگی زامنکردنی مافی هاووڵاتیانی سڤیلی سووری لە روکبان بۆ خواردن و تەندروستی و خواردنەوە و بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی یەکڕیزی خێزانەکان” کردەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: فنسی تەمۆ