کوژرانی سێ سەربازی رووسیا لە هێرشێکی ئۆکرانیدا بۆ قوڵایی خاکی رووسیا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕؤ دووشەممە، سێ سەربازی رووسیا لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی بۆ سەر بنکەی ئاسمانی ئەنگڵس لە ناوەڕاستی رووسیا کوژران.

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لە ئاسمانی فڕۆکەخانەی سەربازی ئەنگڵس لە ناوچەی ساراتۆڤ، لە ناوەڕاستی وڵات خستووەتە خوارەوە و هێرشەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە.

هەرچەندە رووسیا بانگەشەی ئەوە دەکات کە رێگری لە هێرشەکە کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا کوژرانی سێ لە سەربازەکانی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی داروپەردووی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە راگەیاند.

ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکەکانی لە بنکە سەربازییەکە زیانیان پێنەگەیشتووە.

جگە لەوەش بەرگری ئاسمانی هێزی ئاسمانی رووسیا رایگەیاند، هێرشەکە نزیکەی کاتژمێر 01:35 بەکاتی مۆسکۆ ئەنجامدراوە، لەکاتێکدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لە نزمیدا و لەکاتی نزیکبوونەوەی لە فڕۆکەخانەی سەربازی ئەنگڵس خراوەتە خوارەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر