تەندروستی جیهانی زیاتر لە 250 هەزار ڤاکسینی کۆلێرا لە ناوچەکانی حکومەت دابەش دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ شەممە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، زیاتر لە 250 هەزار کەس ژەمە ڤاکسینی کۆلێرایان لە ناوچەکانی دێرەزوور و حەسەکە کە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریادان، دابەشکرد، لەکاتێکدا لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەر و ئۆپۆزسیۆن هیچ ژەمە ڤاکسینێک دابەش نەکرا.
لە راگەێنراوێکدا ئاماژەیان بەوەشکردووە کە “11 تۆن ڤاکسینیان ناردووە بۆ حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، لەنێویاندا ڤاکسینی زیاتری کۆلێرای تێدایە، بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ناوچانەی کە لە دۆخێکی سەختی پەتاکەدان.”
هەروەها بەگوێرەی راگەێنراوی رێکخراوەکە، ڤاکسینی کۆلێرا رەوانەی رۆژهەڵاتی دێرەزوور کراوە بۆ دڵنیابوون لە دۆخی کۆمەڵگا زیانلێکەوتووەکان.
هەڵمەتی کوتانەکە ئەو ناوچانەی گرتەوە کە حکومەتی سوریا کۆنتڕۆڵی کروون لە دێرەزوور و حەسەکە، هاوکات ناوچەکانی باکووری سوریا و رۆژئاوای کوردستان بێبەش بوون، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان لەو ناوچانەی کە زۆر پێویستیان بە ڤاکسینی دژە کۆلێرا هەیە هەروەها بەپێی تویتەکانی رڕێکخراوەکە کە هاوپێچی راگەێنراوەکە کراون.
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند کە شارەکانی سوریا رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا زیادی کردووە، لەو کاتەوەی کە نەخۆشییەکە (نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەرەوە) دەرکەوتووە.
ڕۆژی 10ی ئەیلول، وەزارەتی تەندروستی سوریا بۆ یەکەمجار رڕایگەیاند، 15 حاڵەتی کۆلێرا لە پارێزگای حەڵەب تۆمارکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، تۆڕی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و وەڵامدانەوەی چالاک لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا، لە بیست و شەشی مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا، تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی پشتڕاستکراوەی کۆلێرای راگەیاند.
هەروەک دەستەی تەندروستی بەڕێوبەری خۆسەریش، لە دەی ئەیلولدا رایگەیاند، کە چەند حاڵەتێکی کۆلێرایان لە دێرەزوور و رەققە تۆمارکردووە.