دەسەڵاتدارانی فەرەنسا هێرشكارەکەی پاریس دەگوازنەوە‌ سەنتەرێکی چارەسەری دەروونی

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

داواکاری گشتی پاریس بریاریدا هێرشكارەکەی سەر سەنتەری کولتووری ئەحمەد کایا لە پاریس، له‌ گرتووخانه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ سەنتەرێکی چارەسەری دەروونی.

داواکاری گشتی پاریس له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگەیاند، ئەو پزیشکەی چارەسەری هێرشكارەکەی کردووە ده‌ڵێت: “دۆخی تەندروستی باش نییە و ناکرێ دەستگیربکرێت، بەوهۆیەوە رێکارەکانی دەستگیرکردنی راگیراون و هێرشكاره‌كه‌ش گواستراوەتەوە بۆ یەکەیەکی چارەسەری دەروونی”.

داواکاری گشتی پاریس ئاماژە بەوەش دەکات، هەرکاتێک دۆخی تەندروستی هێرشكاره‌كه‌ باش بوو، ئەوکات دەستدەکەن بە رێکارە یاساییەکان و دادگاییکردنی.

رۆژی هەینی، کەسێکی (تەمەن 69 ساڵ) لە پاریس، بە چەکەوە هێرشیکردە سەر ئارایشتگایەک و ناوەندی کولتووری (ئەحمەد کایا) له‌ پاریس، لە ئەنجامدا سێ هاووڵاتی کورد کوژران و سێ کەسی دیکەش برینداربوون، دواتریش هێرشکارەکە دەستگیرکرا.