هەواڵگری عێراقی دەست بەسەر بڕێکی زۆر پشتێنەی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێندراو دەگرێت

نەینەوا – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە پشتێنەی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێندراودا گرتووە.

دەزگاکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “لەمیانی بەدواداچوونی مەیدانی و کۆکردنەوەی زانیاریی دروست بە هاوکاری هاووڵاتییەک، توانرا لە یەکێک لە گەڕەکە چۆڵکراوەکانی بەشی راستی پارێزگای نەینەوا دوای پێکهێنانی تیمێکی هەواڵگری بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی فریاکەوتنی نەینەوا و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی نیشتمانی و بنکەی پۆلیسی خەزرەج، دەست بەسەر سێ پشتێنەی بۆمبڕێژکراو و پێنج بۆمبی چێندراو و چەند مۆبایلێکدا بگیرێت کە پاشماوەی تیرۆریستانی داعش بوون”

لە لێدوانەکەدا ئەوەش هاتووە کە بۆمبە دەستبەسەردا گیراوەکان لەلایەن تیمی ئەندازیاریەوە ناچالاک کراون.