لەماوەی هەفتەیەکدا..کوژرانی چوار کەس لە دەرعا

دەرعا- نۆرس پرێس

پارێزگای دەرعا و گوندەوارەکانی لە باشووری سووریا، لەم  هه‌فته‌یه‌ كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ پشووەکانی جەژن،لە چاو هەفتەکانی تردا كه‌مبوونه‌وه‌ی حاڵەتی کوشتنی بەخۆوە بینی، له‌ سایەی باری گەرەلاوژێی ئه‌منیدا و لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا چوار كه‌س كوژراون كه‌ دووانیان ئه‌ندامی هێزەکانی حکومەتی سوریان، لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگاکە.

دوێنێ پێنجشەممە، دانیشتووان تەرمی “محەممەد حیکمەت ئەلعەلی”یان لە نزیک هاڕینگەی ئەلشەمەری لە چواردەوری شاری تەفس لە گوندەواری رۆژئاوای شاری دەرعا دۆزیەوە.

شایەتحاڵەکان بە نۆرس پرێسیان ڕاگەیاندووە، “ئەلعەلی خەڵکی شارۆچکەی ئەلشەجەرەیە لە گوندەواری ڕۆژئاوای دەرعا، لە بازرگانی سووتەمەنیدا کاردەکات و دوابەدوای پاکتاوکردنی گشتی لە 2018 دا پەیوەندی بە هیچ دەزگایەکی سەربازی و ئەمنیەوە نەکردووە”.

چوارشەممەی ڕابردوو، شایەتحاڵێکی چاودێر بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، “مەحمود حسێن ئەلحەبیسی، ئەندامی ئەمنی سەربازیی هێزەکانی حکومەت، لە هێرشێکی تەقەکردندا لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە ناوەڕاستی شارۆچکەی مەحجە، لە ڕۆژهەڵاتی دەرعا کوژراوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەلحەبیسی كە لە مانگی تەمموزی 2018 لە ئوردنەوە گەڕاوەتەوە بۆ سوریا، دوای بەدەستهێنانی كارتی پاکتاوکردن لە ساڵی 2018، پەیوەندی بە ریزەكانی یەكێك لە گروپە سەربازییەكانی سەر بە لقی ئەمنی سەربازییەوە كردووە، بەڵام نەچووەتە ناو ریزەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە.

سێشەممەی ڕابردوو سەرچاوەیەکی ناوخۆیی بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند “حوسام ئەلشامی، ئەندامی لقی ئەمنی سەربازی هێزەکانی حکومەت، کوژراوە دوای ئەوەی لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە لە شاری نەوا لە ڕۆژئاوای دەرعا کرایە ئامانج”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەلشامی” کە خەڵکی دیمەشقی پایتەختە و پێشتر ئەندامی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بووە لە دەرعا، دوای بەدەستهێنانی کارتی پاکتاوکردن لە ساڵی 2018 دا پەیوەندی بە ریزەکانی یەکێک لە گروپە سەربازییەکانی سەر بە ئەمنی سەربازییەوە کردووە.

هەینی ڕابردوو “یەعقوب زەکەریا ئەلسەفەدی” کوژرا و باوکی بریندار بوو لەلایەن چەکدارە نەناسراوەکانەوە لە ڕۆژئاوای شاری جاسم لە گوندەواری باکووری دەرعا، بە وتەی شایەتحاڵەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، “سەرەتا بە سەختی بریندارکران، دوای ئەوەش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی نیشتمانی لە شارەکە، یەعقوب لەوێ گیانی لەدەستدا، باوکی تا ئێستا چارەسەر وەردەگرێت، وە باری تەندروستی بە جێگیر وەسف دەکرێت”.

سەرچاوە ناوخۆییەکانی دیکە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، “یەعقوب تۆمەتبارە بە بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە شارەکەدا”.

لەو کاتەوەی کە هێزەکانی حکومەت کۆنترۆڵی ناوچەکەیان کردووە، پارێزگاری دەرعا و گوندەوارەکانی بەدۆخی گەرەلاوژێیەکی ئەمنیدا تێدەپەڕێت و بڵاوبوونەوەی تاوان و کوشتار و ئاژاوە و ناسەقامگیری کە زۆربەیان بە دەستی کەسانی نەناسراو ئەنجام دەدرێن.