هەسەدە دەسگیرکردنی سێ ئەندامی “داعش”یان لە گوندەواری دێرەزوور راگەیاند
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکردنی سێ ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان راگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا کە بە پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامیاندا، لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ” رۆژی سێشەممەی ڕابردوو، لە شارۆچکەی دەشیشە لە گوندەواری دێرەزوور، یەکینەکانی دژە تیرۆری سەر بە هێزەکانمان، بە بەشداری و پاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامدا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنەکە “دەستگیرکردنی سێ ئەندامی داعشی لێکەوتەوە، کە کاریان دەکرد بۆ دەرکردنی خێزانەکانی رێکخراوەکە لە کامپی هۆل، جگە لەوەی چەکیان بۆ شانەکانی رێکخراوەکە لە شارۆچکەی هۆل دابین دەکرد بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی بۆ سەر کامپەکە”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە دەست بەسەر بڕێک چەک و کەرەستەی سەربازی و مۆبایلی زیرەکدا گیراوە.