چاوش ئۆغلۆ و بلینکن پێشهاتەکانی دۆسیەکانی سوریا و ئۆکرانیا تاوتوێدەکەن

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەکانی سوریا و ئۆکرانیایان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هەردوو وەزیرەکە “دواین پێشهاتەکانی سوریا”یان تاوتوێ کردووە، ئاماژەیان بەوەش کرد داودئۆغڵو بە هاوتا ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، کە تورکیا سورە لەسەر درێژەدان بە “جەنگی دژە تیرۆر لە سوریا”.

لە راگەێنراوەکەدا ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەردوو وەزیرەکە باسیان لە “خشتەی سەردانەکانی داهاتووی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن کردووە لە ماوەی داهاتوودا و کڕینی فڕۆکەی جەنگی ئێف 16 لەلایەن تورکیاوە لە ئەمریکا”.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، هەردوو وەزیر دوایین پێشهاتەکانی ئۆکرانیا، بەتایبەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنی دانەوێڵە و پرسی فراوانکردنی ناتۆیان تاوتوێ کردووە.

ئەنقەرە بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی زەمینی نوێ دژ بە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا، ئەمەش لەکاتێکدایە رووسیا و ئەمریکا ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە چاوەڕوانکراوە لە لایەن تورکیاوە، رەتدەکەنەوە.

رۆژی دووشەممە، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، بۆب مێنێندێز، داوای لە هاوپەیمانەکانی واشنتۆن کرد لە کاریگەرییە خراپەکان کەڵک وەربگرن بۆ رێگریکردن لە دەستدرێژی زیاتر بۆ سەر “باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا”.

لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئەو ئۆپەراسیۆنە زەمینییەی کە تورکیا پلانی بۆ داناوە لە سوریا بە “هەنگاوێکی پێشوەختە” زانی کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتر.

مانگی رابردوو ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان هەڵکشانی سەربازی زۆریان بەخۆوەبینی لەلایەن تورکیاوە، کە لە شێوەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانیدا دەستپێکرد و دەیان شوێنیان کردە ئامانج، لەنێویاندا دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و لەئەنجامدا بووە هۆی گیانلەدەستدانێکی زۆر و ماڵوێرانی هاوڵاتیانی سڤیل.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: فنسە تەمۆ