سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

بڕیارە ئەمڕۆ جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات.

جۆرجیا میلۆنی سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ لەگەڵ دوو وەزیری حکومەتەکەی سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات.

وەک نەریتێکی ساڵانە، لە کریسمسدا سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی دەکات، ئەمساڵ ئەو سەربازانە بەسەردەکاتەوە کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن.

رۆژنامەی “لا ریپەبلیکا”ی ئیتاڵی ئەوەی بڵاوکردەوە، کە جۆرجیا میلۆنی لەسەردانەکەیدا ھێزەکانی وڵاتەکەی، کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و ھەرێمن بەسەردەکاتەوە.

جۆرجیا میلۆنی تەمەنی 45 ساڵە و لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو وەک یەکەم سەرۆک وەزیرانی ژن لە ئیتاڵیا ھەڵبژێردرا.

ئیتاڵیا لە ساڵی 2014ەوە ئەندامە لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و چەندین ھاوکاری و پاڵپشتی پێشکەشی عێراق و ھەرێم کردووە.

بەپێی راپۆرتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، ئیتاڵیا 900 سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێم ھەیە کە مەشق و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن.

ھاوکات ئیتاڵیا ئەندامی دامەزرێنەری یەکێتی ئەوروپایە و سێیەم گەورەترین ئابورییە لە ناوچەی یۆرۆ.