کوژرانی پارێزەرێک لە ژێر ئەشکەنجەدا لە زیندانەکانی گروپەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین

گوندەواری حەڵەب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارێزەر لوقمان حەمید حەنان (45 ساڵ) دوای دوو ڕۆژ لە دەستگیرکردنی لەلایەن هەواڵگری تورکیا و زیندانیکردنی لە زیندانەکانی لایەنەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین، گیانی لەدەستدا.

بەپێی سەرچاوە جیاوازەکان، پارێزەر لوقمان حەنان کە خەڵکی گوندی حاج قاسمە لە گوندەواری قەزای ماباتە، ئەمڕۆ هێنرایە نەخۆشخانەی سەربازی عەفرین، دواتر خێزانەکەی ئاگادارکراونەتەوە کە بڕۆن بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی لە نەخۆشخانەکە .

ئاماژەی بەوەشکرد، بنەماڵەی “حەنان” پشکنینیان بۆ تەرمەکەی کردووە و دەرکەوتووە شوێنەواری ئەشکەنجە و لێدان لەسەر جەستەی هەیە.

رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین رایگەیاند، “حەنان” رۆژی سێشەممەی رابردوو، لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی مەحمودییە ​​لە سەنتەری عەفرین، لەلایەن هەواڵگری تورکیاوە رفێندراوە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستگیرکردنەکە لە لایەن ئەندامێکی گروپی سوڵتان مورادەوە بووە، تۆمەتبار کراوە بەوەی مامەڵەی لەگەڵ بەڕێوبەری خۆسەردا کردووە لە ماوەی حوکمڕانیاندا لە ناوچەکە.

باس لەوەش کراوە، پێشتر پارێزەر لوقمان حەنان لەلایەن هەمان لایەنەوە دەستگیرکرابوو، دواتر دوای دانی فیدیەیەکی ماددی ئازاد کراوە.

لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2018ەوە تورکیا و گروپە چەکدارەکانی دڵسۆزیان ئۆپەراسیۆنێکی زەمینییان دەستپێکرد و شاری عەفرین و گوندەوارەکەیان کردە ئامانج، کە نزیکەی دوو مانگی خایاند و لە ئەنجامدا نزیکەی 300هەزار کەس ئاوارەبوون، بەپێی راگەێنراوە فەرمییەکانی بەڕێوبەری خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ