منداڵپارێزی جیھان: حەوت ھەزار منداڵی بیانی لە کامپەکانی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا روبەڕووی مەترسی بوونەتەوە
کۆبانی – نۆرس پرێس
رێکخراوی منداڵپارێزی جیھانی رایگەیاند، حەوت ھەزار منداڵی بیانی لە کامپەکانی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا روبەڕووی مەترسی بوونەتەوە.
ئەو رێکخراوە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، حەوت ھەزار منداڵی بیانی لە کامپەکانی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا گیریان خواردووە و رۆژانە روبەڕووی دەستدرێژی و توندوتیژی دەبنەوە، داواشیان لە وڵاتان کرد پەلە بکەن لە وەرگرتنەوەیان.
بەپێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتەنھا لە کامپی ھۆڵ 56 ھەزار کەس ھەیە، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن و لەنێویاندا زیاتر لە 10 ھەزار خێزانی داعشە بیانییەکان ھەیە، لە ساڵی 2019ەوە تائێستا، ھەزار و 464 ژن و منداڵ لەو کامپەکان لەلایەن وڵاتەکانیانەوە وەرگیراونەتەوە، بە تەنھاش لەمساڵدا 517 ژن و منداڵ وەرگیراونەتەوە کە بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنرێت.
چەندین ساڵیشە بەڕێوبەری خۆسەری داوا لە وڵاتان دەکات، ھاووڵاتیانیان لە کامپی ھوڵ و رۆژ لە پارێزگای حەسەکە وەربگرنەوە.