برینداربوونی 3 کرێکار بە بۆردوومانێکی تورکیا لە رۆژئاوای کۆبانی
کۆبانی – نۆرس پرێس
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لە گوندی “زورمەغار”ی رۆژئاوای شارەکە، بە بۆردومانێکی هێزەکانی تورکیا لە کارگەیەکی نۆژەنکردنەوە، سێ کرێکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانی لە باکوری سوریا برینداربوون.
سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئەلئەمەل لە کۆبانی رایگەیاند، لە کارگەیەکی نۆژەنکردنەوەوە سێ برینداریان بۆ نەخۆشخانەکەیان هێناوە، بەناوەکانی “موسلیم خەلیل ئیسماعیل، بۆزان شێخ نەبی، فادڵ بازاڕ”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، برینی هەندێکیان سەخت و هەندێکی دیکە روکەشن.
“خەلیسا حاجی و مەسعوود بوزی” کە هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆبانین، بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، ئەو کرێکارانە لە گەشتێکی چاککردنەوەدا بوون لەکاتێکدا لە گوندی زورمەغار لەلایەن سوپای تورکیاوە کرانە ئامانج.
ئاماژەیان بەوەشکرد، بریندارەکان کرێکار و سەرپەرشتیاری پەمپەکانی ئاون لە رووباری فوراتەوە بۆ کۆبانی، کاری ئاساییان سەرپەرشتیکردن و پاراستنی پەمپەکانە.
لە ئەنجامی تۆپبارانەکانی تورکیا، کە پێش ئەم ئامانجە، لەسەر گوندی جەرقالی لە رۆژئاوای کۆبانی، کەسی چوارەم بریندار بووە و سەرچاوە مەدەنییەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، برینەکەی سووکە.
هەروەها پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ گوندەکانی گۆران و قەرەمۆغ لە رۆژهەڵاتی کۆبانی تۆپبارانی هاوشێوەی تورکیا کراون و هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی بۆردومانەکەوە وەرنەگیراوە.