نەتەوە یەکگرتووەکان: لە چوارچێوەی قوڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی و ئابووری، پێداویستییەکان لە سووریا زیاتر دەبن

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پێداویستییە مرۆییەکان لە سووریا لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان كه‌ ١٢ ساڵ لەمەوبەر ده‌ستی پێكردووه‌، گەیشتووەتە خراپترین ئاست.

گەیر پیدەرسن نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی له‌ سوریا و مارتن گریفیتس، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، له‌گه‌ل باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان، تاوتوێی دوایین پێشهات و بارودۆخی سوریایان كرد، و جەختیان لەسەر پێویستی بەردەوامی پاڵپشتی سورییەکان كرد.

بەپێی بەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی ١٤.٦ ملیۆن کەس پێویستیان بە پشتیوانی هەیە، ئه‌وه‌ش 1.2 ملیۆن بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ زیادی كردووه‌ و پێشبینی دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا ژمارەکە بگاتە ١٥.٣ ملیۆن کەس.

پێدرۆسن هۆشداریدا لە “بەردەوامی شەڕی چەکداری و مەترسییەکانی پەرەسەندنی سەربازی كه‌ ڕه‌نگه‌ بگاته‌ دۆخێكی کارەساتبار”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە هیچ لایەنێک هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی ئەنجام نەداوە، بەڵام “داینامیکی مەترسیدار” ماوەتەوە.

پێدەرسن ئاماژەی بە “هێرشە ئاسمانییه‌كانی حکومەت سوریا بۆ سه‌ر باکووری ڕۆژئاوای وڵات، و هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای كوردستان، و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر دیمه‌شق، له‌گه‌ل مه‌ترسییه‌كانی ڕێکخراوی توندڕەوی داعش كه‌ بەردەوامە لە هێرشەکانی دژی لایەنە جیاوازەکان”.

یەکەم خاڵەکان کە پێدەرسن لە دانیشتنەکەدا جەختی لەسەر کردەوە، کەمکردنەوەی توندوتیژی و گەڕاندنەوەی ئارامیی ڕێژەیی له‌ ناوچه‌كه‌ بوو.

نوێنەری نێودەوڵەتی داوای لە ئەنجومەنەکە کرد كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاری مرۆیی بگه‌ینه‌ هه‌موو ئه‌و سوریانه‌ی كه‌ پێویستییان به‌ هاوكاری هه‌یه‌.

هەروەها جەختی لە سەر پێویستی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی لیژنەی دەستووری سووریا كرد.

لای خۆیەوە گریفیتس ئاماژەی بەوەدا کە زۆرینەی ڕەهای خێزانە سوورییەکان یان لە خەباتدان یان ناتوانن پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، 12 ملیۆن کەس کە ده‌كاته‌ زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئه‌و وڵاته‌، بەزەحمەت خواردن دابین ده‌كه‌ن. وە ڕەنگە نزیکەی سێ ملیۆن کەسی دیکە ڕووبەڕووی برسییه‌تی ده‌بنه‌وه‌.

به‌ وته‌ی گریفیتس شه‌ڕی سوریا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان كه‌س، کە دوو ملیۆنیان لە خێمە و کەمپ و پەناگەی کاتییه‌كاندا دەژین، لە کاتی نزم بوونه‌وه‌ی پلەکانی گەرما له‌ زستاندا كه‌ ده‌گاته‌ ژێر سفرەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنه‌وه‌ی: هۆزان زوبێر