برینداربوونی ئه‌ندامێكی هه‌سه‌ده به فیشه‌كی چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو له رۆژهه‌ڵاتی دێره‌زوور
دێره‌زوور- نۆرس پرێس
رۆژی سێ شه‌ممه، ئه‌ندامێكی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات “هه‌سه‌ده”، به فیشه‌كی چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو له شارۆچكه‌ی شحێلی رۆژهه‌ڵاتی دێره‌زوور برینداركرا.
سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربازی به نۆرس پرێسی راگه‌یاند، چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو به سواری ماتۆر به چه‌كی ره‌شاش هێرشیان كرده سه‌ر “مه‌جد عامجی” ئه‌ندامی هه‌سه‌ده له سه‌ر رێگای گشتی نێوان شارۆچكه‌ی شحێل و بوسیره، پاشان هه‌ڵهاتن.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به هۆی هێرشه‌كه “عامج” برینداربوو، پاشان به مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر بۆ نه‌خۆشخانه‌ی سه‌ربازی كێڵگه‌ی عومه‌ر گوازرایه‌وه‌و له ئێستادا ته‌ندروستی باشه.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، عامج دانیشتووی شارۆچكه‌ی شحێله به دووری 40 كیلۆمه‌تر له رۆژهه‌ڵاتی دێره‌زوور، له كاتی به‌سه‌ربردنی مۆڵه‌ته‌كه‌ی له شارۆچكه‌كه برینداركرا.
ماوه‌یه‌كه له شار‌و شارۆچكه‌و گونده‌كانی دێره‌زوور، تیرۆركردنی ئه‌ندامانی هه‌سه‌ده و فه‌رمانبه‌رانی خۆسه‌ری و سه‌رۆك هۆزه‌كان و هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی زیادی كردووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه “هه‌سه‌ده” رێوشوێنی ئه‌منی زیاتری گرتۆته به‌ر.