ونبوونی زیاتر لە 30 دەریاوان بە هۆی نقومبوونی کەشتیەکی دەریایی تایلەندییەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، هێزی دەریایی تایلەند رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری هێشتا هەوڵدەدەن 31 دەریاوانی ونبوو رزگار بکەن دوای ئەوەی کەشتیەکەیان لە کەنداوی تایلەند لە ماوەی چەند کاتژمێرەکانی شەوی رابردوودا نوقم بوو.

هێزی دەریایی تایلەند لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێشتا لانیکەم 31 دەریاوان بێسەروشوێنن، هاوکات زیاتر لە 70 دەریاوان لە کۆی زیاتر لە 100 دەریاوانی ناو کەشتییەکە رزگارکراون.

لە زنجیرەیەک پۆستدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و تویتەر، بەرپرسانی هێزی دەریایی تایلەند رایانگەیاند کە کەشتییەکە لە دووری 30 کیلۆمەتر لە بەندەرێکەوە لە پارێزگای “پراچواپ خیری خان” لە باشووری وڵاتەکەیەوە دەسوڕایەوە، لەو کاتەدا بایەکی بەهێز و شەپۆلێکی بەهێز کەشتییەکەی خوار کردوەتەوە و وەریانگێڕاوە.

هێزی دەریایی روونیشیکردەوە، ئاو رژاوەتە ناو سیستمی کارەباوە و بەو هۆیەوە تەزووی کارەبا بچڕاوە، بەمەش ئامێرە سەرەکییەکانی لە کارکردن وەستاون، ئەمەش بووەتە هۆی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵی کەشتییەکە و نوقمبوونی.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانی فریاگوزاری ڕێوشوێنی چڕ دەگرنەبەر بۆ دۆزینەوە و وەرگرتنەوەی تیمە ونبووەکانی دیکەی کەشتییەکە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر