سەرکردە سەربازییەکانی عێراق بەڵێنی درێژەپێدانی ئۆپەراسیۆنەکانیان دەدەن دژ بە داعش

هەولێر – نۆرس پرێس

ڕۆژی دووشەممە، سەرکردە سەربازییەکانی عێراق بەڵێنیاندا بە درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانیان دژ بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لەو وڵاتە دا، دوای ئەو هێرشەی کە لەلایەن ئەندامانی رێکخراوەکەوە دوێنێ یەکشەممە دژ بە کاروانێکی پۆلیسی فیدراڵی ئەنجامدرا، کە لە ئەنجامدا گیانلەدەستدانی لانیکەم هەشت کەسی لێکەوتەوە.

ئەمڕۆ، بەپێی راگەێنراوێکی وەزارەتی بەرگری، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق، لیوا عەبدئەمیر رەشید یاروڵڵا، و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا قەیس خەلەف ئەلمحەممەدی، گەیشتنە شاری کەرکوک.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرکردە سەربازییەکان بارودۆخی ئەو رووداوە “تیرۆریستییە”یان تاوتوێدەکەن کە ئەندامانی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی تووشی بوون.

دوێنێ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، تەقینەوەیەک لەسەر ڕێگایەکی گوندنشین لە دەوروبەری قەزای حەویجە لە باشووری کەرکوک روویداوە، لەکاتێکدا کاروانێکی ئەمنی پۆلیسی فیدراڵی تێدەپەڕێت و بەهۆیەوە لانیکەم هەشت پۆلیس گیانیان لەدەستداوە کە ئەفسەرێکیان تێدایە .

دەسەڵاتدارانی ئەمنی دەستبەجێ دەرئەنجامی فەرمی ڕووداوەکەیان بڵاونەکردەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی ئاڕاستەی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە کرد.

لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، “بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکان، فەرماندەی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی لە بارودۆخی هێرشەکە ئاگادارکرایەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی بۆمبێکی چێنراو کاروانێکی پۆلیسی کردوەتە ئامانج کە لە ئەرکەکانی بەدواداچوونی ئەندامانی داعشدا بوون “.

فەرماندەی مەڵبەندی پێشکەوتوو بۆ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکوک، لیوا جەبار نەعیمە ئەلتائی، رایگەیاند، “ئەو ناوچانەی لە ئەلسەفرەوە بەرەو زنجیرە چیای حەمرین درێژدەبنەوە، بە ناڕێکییەکانیان تایبەتمەندن، بۆیە داعش دەیانقۆزێتەوە بۆ دەستپێکردنی هێرش لەسەر هێزە ئەمنییەکان”.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، لیوا یەحیا ڕەسووڵ، کوژرانی ئەندامێکی داعش و برینداربوونی کەسێکی دیکەی لە کاتی بۆسەیەکدا لە ناحیەی ریازی شاری کەرکوک ڕاگەیاند.

هێرشەکەی دوێنێش پێکدادانی لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئەندامانی داعشی لەخۆگرتبوو، کە بە کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی رێکخراوەکە کۆتایی هات.

سەرۆکی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق، لیوا عەبدولوەهاب ئەلسەعدی، بەڵێنی “تۆڵەسەندنەوەی خێرا”ی لە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەم دواییەدا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر