لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان: داعش هەوڵ دەدات هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر سوریا بقۆزێتەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ڕێڤینک هروری، هۆشداریدا، ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” و بنەماڵەکانیان، چ لە زیندانەکان بێت یان لە کامپەکان، هەوڵ دەدەن ئۆپەراسیۆنی شیمانەکراوی تورکیا لە باکوری سوریا و رۆژئاوای کوردستان بقۆزنەوە، وەک “ئاسانکارییەک بۆ هەڵهاتن”.
هروری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەکرد، مەترسی “داعش” هێشتا بوونی هەیە و ئەمەش رووداوە دووبارەبووەکان سەلمێنەریین کە رێکخراوەکە بانگەشەی بۆ دەکات لە عێراق و سوریا.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەڕەشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان “ئەم مەترسییە گەورەتر دەکات، چونکە دەبێتە هۆی لاوازبوونی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە سەرقاڵی پاراستنی ناوچەکانیان لە هێرشەکان”.
ئەو پەرلەمانتارە کوردە زیادی کرد: هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا سەبارەت بە هەڕەشەکانی تورکیا “تاڕادەیەک ئەرێنی” بوون، بەڵام “ناوچەکە پێویستی بە رزگاربوونە لە دڵەڕاوکێ و ترس هەیە لە رێگەی سیاسەتێکی شەفافانەی نێودەوڵەتیەوە” سەبارەت بە باکوری سوریا.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە داوای زیادکردنی هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هێزەکانی سوریای دیموکراتی کرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی “داعش” و کۆتاییهێنان بە مەترسییە پەرەسەندووەکانی بۆ سەر ناوچەکە.